لە تۆپی پێدا بە چی دەگوترێت کلیلە پاس؟

ئەحمەد هێرۆیی

2-11-2022

1867جار خوێندراوەتەوە


 

سەرەتا دەمەوێت بڵێم ئاماری کلیلە پاس لە تۆپی پێدا یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی پێمان دەڵێت هەڵسەنگاندنەکان لە تۆپی پێدا زۆر بێ بنەمان.

بۆ تێگەیشتن لە کلیلە پاس من لە خوارەوە نمونەیەکتان لەسەر هێرشێکی یانەی پاریس سانت جێرمان بۆ دروست دەکەم.

بۆ نمونە با وای دابنێین مێسی لە ناوەڕاستی یاریگادا تۆپێک وەردەگرێت و دوو سێ یاریزان دەبڕێت و تۆپێکی درێژ بە نێوانی یاریزانانی تیپی بەرامبەردا دەنێرێت بۆ یاریزان سارابیا، لەوێشەوە سارابیا تەنها پێ یەک لە تۆپەکە دەدات و تۆپەکە بۆ مباپێ دەچێت و مباپێش دەرفەتەکە لە دەست دەدات.

لێرەدا بە هەموو پێوەرێکی ژیری کە مرۆڤ هەڵسەنگاندنی بۆ بکات، خاوەن کلیلە پاس دەبێ مێسی بێت، بەڵام ئەوەی سەیرە لێرەدا ئەوەیە سارابیا دەبێتە خاوەنی کلیلە پاسەکە!!! هۆکاری ئەوەش ئەوەیە هەموو ئەو ئامارانەی تۆپی پێ لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە دەژمێردرێن، ئێ بەرنامەی کۆمپیوتەریش جیاوازە لە مێشک و ژیری مرۆڤ، چونکە ئەو ناتوانێت وەک ئێمە ڕووداوەکان و دیمەنەکان لە هەموو ڕوویەکەوە هەڵبسەنگێنێت. 

بۆ نمونە لە سەر کۆمپیوتەرەکە کلیلە پاس بەو شێوەیە سەیڤ کراوە: هەموو پاسێک کە پێش گۆڵ دەدرێت لە لایەن یاریزانێکەوە بە یاریزانێکی تر ئەگەر بوو بە گۆڵ ئەوا بە ئەسیست ئەژمار دەکرێت، بەڵام ئەگەر نە بوو بە گۆڵ ئەوا بە کلیلە پاس ئەژمار دەکرێت.
 بۆیە لێرەدا هەرچەندە مێسی کارە قورسەکەی کردووە بەڵام مێسی نە دەبێتە خاوەنی ئەسیست نە کلیلە پاس. لە بەر ئەوە دەبێت بینەری تۆپی پێ زۆر لەوە تێگەیشتووتر بێت کە تەنها لە ڕێگەی ئامارەکانەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی تیپ و یاریزانەکان بکەن.