ئاشکرایە ڕۆناڵدۆ لە ئێستادا بە ناخۆشترین ساتی ژیانی وەرزشی خۆیدا تێپەڕ دەبێت، کە ئەمەش زیاتر بەهۆی ئەوەوە دروست بوو کە یانەکەی وەرزی ڕابردوو نەیتوانی خۆی بگەیەنێتە خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا بۆ ئەم وەرزە، بەڵام بارودۆخی ڕۆناڵدۆ هێندەش ئاڵۆز نیە کە نەتوانێت هیچ کارێک بۆ باشتر کردنی بارودۆخی خۆی بکات.
لێرە دا دەمەوێ ئاماژە بە باشترین بژاردەکانی بەردەم ڕۆناڵدۆ بکەم بۆ ڕزگاربوون لەو کێشەیەی تووشی هاتووە.
یەکەم/ ڕۆناڵدۆ دەبێت پێش ئەوەی بە دوای یانەیەکدا بگەڕێت کە لە خولی پاڵەوانان بەشداربێت، پێویستە بە دوای ژینگەیەکی گونجاودا بگەڕێت کە بتوانێت تێیدا وەک یاریزانێکی کاریگەر درێژە بە کاروانی یاریکردنی خۆی بدات، چونکە قورسە ئەگەر یاریزانەکە لە خولی پاڵەوانانیش بەشداربێت بەڵام کە لە بارودۆخێکی خراپدا بێت بتوانێت لەو خولە کاریگەریەکی ئەوتۆ دروست بکات.
دووەم/ پێویستە دۆن چاوپۆشی لەو مووچە زۆرە بکات کە لە ئێستادا وەریدەگرێت، دەبێ دانی پێدابنێت کە ئاساییە وەک یاریزانێکی ئاسایی مووچە وەربگرێت، یان لایەنی کەم چاوپۆشی لە بەشێکی زۆری مووچەی ئێستای بکات، بە جۆرێک کە یانەکان ئامادە بن گرێبەستی لە گەڵ بکەن.
سێ یەم/ ئەگەر ڕۆناڵدو بڕیاری دا لە مانچستەر بمێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی بارودۆخی خۆی زۆر لە ئێستا باشتر بکات، ئەوا پێویستە تەنها چاوی لەسەر ئەوە بێت بە باشترین شێوە بۆ یارییەکانی جامی جیهانی ئامادەبێت و دوای ئەوە بە یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت! یان لە دوای جامی جیهانی لە گواستنەوەی زستانەدا ڕوو بکاتە یانەیەک کە تەواو دڵنیابێت دەتوانێت ئاستی بەرزی تێدا پێشکەش دەکات.