یادی 28ساڵه‌ی میدیاكارانی وه‌رزشی جیهان پیرۆزبێت

زاگرۆس نانەكەلی

2-07-2022

492جار خوێندراوەتەوە


 

سه‌ره‌تا ده‌بێت دوو رێكه‌وت بوونی هه‌یه‌ لێمان تێكه‌ڵ و نه‌گۆڕێت،دامه‌زراندنی (AIPS) له‌رێكه‌وتی 2-7-1924بوو،واته‌ ئه‌مڕۆ (98) ساڵه‌ (AIPS) دامه‌زراوه‌،هه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌رێكه‌وتی 2-7-1994 بڕیاریدا له‌ 2-7-هه‌موو ساڵێك بكات به‌ رۆژی میدیاكارانی وه‌رزشی جیهان،واته‌ به‌ر له‌ (28)  ساڵ  بڕیاری ئه‌م رۆژه‌یه‌ درا، كه‌ زۆربه‌ری زۆری میدیاكارانی وه‌رزشی كوردستان زانیاری باشیان نیه‌ له‌سه‌ر رۆژی خودی خۆیان ،هه‌ندێكیش گرنگی پێناده‌ن،به‌ڵام تێكڕایی چین وتوێژه‌كان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیان له‌خۆڕایی وبێ به‌رنامه‌ رۆژێكیان ته‌رخان نه‌كردووه‌ بۆ دامه‌زراندنی رێكخراو یاخود كۆمه‌ڵه‌ یان هه‌ر ده‌زگایه‌ك بێت.

رێكه‌وتی 1تا 3/7/1924 به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی،ناسراو به‌ (ئیپس- AIPS) له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا كه‌ له‌یانه‌ی سپۆرتینگ دامه‌زا و هاوكات بوو له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌چوونی ئۆڵۆمپیادی پاریسی ساڵی 1924،رێكه‌وتی 2/7/1994 به‌بۆنه‌ی (70) ساڵه‌ی یادی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی (AIPS)  له‌م رۆژه‌وه‌ واته‌ له‌ 2/7 هه‌موو ساڵێك كرا به‌ رۆژی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی جیهانی،واته‌ بڕیاری رۆژی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی له‌ رێكه‌وتی 2/7/1994بوو.

ئه‌مڕۆ 2/7/2022 (28) ساڵ تێده‌په‌ڕێ به‌سه‌ر ئه‌م یاده‌ و هاوكات یادی (98) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی جیهانیه‌،ئه‌وه‌ی گرنگه‌میدیاكاری وه‌رزشی كوردی له‌كوێی ئه‌م رۆژه‌ یاخود ئه‌م یاده‌یه‌؟میدیاكاری وه‌رزشی كوردی چۆن ئه‌م یاده‌ بكاته‌وه‌ و رۆژه‌كه‌ به‌ رۆژی خۆی بزانێ وه‌كو هه‌موو جیهان،هه‌روه‌ها گرنگه‌ ئێمه‌ی كوردیش رۆژی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردیمان هه‌بێت،باشترین مێژوو و شیاوتریش رۆژی دامه‌زراندنی (كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان) كه‌ له‌رێكه‌وتی 12/7/ 2006دامه‌زراوه‌ وئه‌م رۆژه‌ بكرێت به‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری وه‌رزشی كوردستان،یاخود له‌هه‌موو جیهان رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری وه‌رزشی هه‌یه‌،كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشی له‌ جیهان،بێگومان ئێمه‌ی كوردیش ده‌توانین دوو رێكه‌وت به‌كاربێنین بۆ ئه‌م یاده‌،یه‌كه‌میان رێكه‌وتی 30/7/1985 یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشی كوردی به‌ناوی (كاروانی وه‌رزش) بڵاوكرایه‌وه‌،هه‌روه‌ها له‌رێكه‌وتی 17/6/1994 یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی وه‌رزشی ئازاد له‌ دوای راپه‌ڕین به‌ناوی (پاشكۆی مۆندیال) بڵاوكرایه‌وه‌.

ئه‌وانه‌ی باسم كرد رۆژێكه‌ ده‌كرێ هه‌موومان به‌شداربین ودڵخۆش بین،هه‌روه‌ها زۆرترین وباشترین چالاكی له‌م رۆژه‌ ئه‌نجام بده‌ین،تا رۆژه‌كه‌ به‌ زیندویی وشكۆی خۆی بمێنێته‌وه‌،به‌ڵام كێ یادی ئه‌م رۆژه‌ بكاته‌وه‌؟كێ چالاكی میدیای وه‌رزشی ئه‌نجام بدات،كێ ده‌ڵێ له‌بیریانه‌؟!،كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رشیمان هه‌بوو و نه‌ما،یه‌كی تر په‌یدابووه‌،نه‌ك ئه‌م یاده‌ی له‌بیره‌،بگره‌ خۆشی له‌بیرنه‌ماوه‌،ئه‌مجاره‌شیان به‌بۆنه‌ی (28) ساڵه‌ی رۆژی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی جیهان،پیرۆزبای له‌تێكڕایی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان و جیهان ده‌كه‌م.