کێ باشترین رۆژنامەنوسە؟!

ئاراس ڕەواندزی

1-06-2022

526جار خوێندراوەتەوە


ئاراس رواندزی

ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چەند پەیج و ئەکاونتێک فێربوونە ناوی کۆمەڵێک شرۆڤەکار ریز دەکەن و زۆر بە سادەو ساکاری بە خوێنەر دەڵێن باشترین رۆژنامەنووس هەڵبژێرە، بێ ئەوەی هیچ پێوەرێکی زانستی لە دەستنیشانکردن و بەربژێرکردنی ئەو کەسایەتیانە بوونی هەبێ! 

دیارە بوونی راپرسی و دیاریکردن و هەڵبژاردنی باشترین، کۆمەڵێک رێساو یاسای تایبەتی هەیە، بۆیە من لەماوەی تەمەنی کارکردنم لەنێو میدیای وەرزشیدا، هەرگیز خۆم لە قەرەی ئەو بابەتە گەورەو هەستیارە نەداوە، چونکە دڵنیام بەهۆی ئەو شێوازە دەنگدانە نادروستەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەیڕەو دەکرێ، ناتوانرێ ئەنجامێکی دروست و کەسی شایستە هەڵبژێردرێ.  

بەداخەوە ساڵانێکە سۆشیال میدیا هاوشێوەی بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر بۆتە ناوەندێکی بێ سانسۆر بۆ ساخکردنەوەی هەموو جۆرە کاڵایەک، لەو بازاڕەدا هەموو کەس دەتوانێ بزنسێک بنیات بنێ، لەم ناوەدا خاوەن کار ئازادە بابەتەکی هەر چۆنێک بێ نرخی بۆ دیاری بکات و بیفرۆشێ، جا گرنگ نیە کوالێتی و نرخەکەی چۆنە! 

لەم ساڵانەی دواییدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەسانێکی زۆر پەیدابوونە و خۆیان وەک رۆژنامەنووس دەناسێنن، بەهۆی لاوازی ئاستی رۆشنبیری تاک و کۆمەڵگە بە گشتی و جیانەکردنەوەی رۆژنامەنووس و عەریزە نووس، وایکردووە کەسانێک ببن بە پاڵەوان، بێ ئەوەی کاکی پاڵەوان تۆزقاڵێک لە ئەلف و بێی میدیاو ئەو بوارە فراوانە بزانێ! 

لە یەکێک لە پەیجەکان بینیم وێنەی کۆمەڵێ شیکەرەوە داندرابوو نووسرابوو کێ باشترین رۆژنامەنووسە؟! ئاخر تخوا کەی رەوایە تۆ شیکەرەوەیەک بە ناوی باشترین رۆژنامەنووس هەڵبژێریت! لە کاتێکدا ئەو بەڕێزانە بەشەکەیان لەگەڵ نووسەرو رۆژنامەنووس و پەیامنێرو پێشکەشکارو کۆمێنتارو فۆتۆگرافەری وەرزشی جیاوازە کە بەهۆی ئەو راپرسیە نا دروستە مافی ئەوانیش پێشێل دەکرێ.  

ئاشکرایە میدیای وەرزشی لق و پۆپی زۆری لێدەبێتەوە کە لە پەرەگرافەکانی سەرەوە ئاماژەم پێیانکردووە، بۆیە ناشێ و نابێ تۆ راپرسیەک ئەنجامبدەی و لە نێویدا فۆتۆگرافەرێک یا پێشکەشکارێک بە باشترین رۆژنامەنووس هەڵبژێری! یاخود نووسەرێکی وەرزشی لە تەک کۆمێنتارو شرۆڤەکارو پەیامنێرێک دابنێی و بڵێی باشترینیان هەڵبژێرە! بێ ئەوەی ئەرک و رۆڵی میدیایی ئەو بەشە جیاوازانە لەیەکتر جیا بکەیتەوە. 

دیارە لێرەدا من مەبەستم نیە بڵێم ناوبراوان کەسانی لێهاتوو نین، بە پێچەوانەوە لەو بەشانەی میدیا کەسانی زۆر شارەزاو لێزانمان هەن، لێ ناکرێ تۆ شرۆڤەکارێکی تۆپی پێ کە کایەکەی بەشێکە لە میدیای وەرزشی، بە باشترین رۆژنامەنووس هەڵبژێری، چونکە شرۆڤەکاری و رۆژنامەنووسی دوو کاری جیاوازن لە نێو جیهانی میدیای وەرزشیداو ناکرێ وەک یەک پێناس یاخود ناودێر بکرێن. 

بەم بۆنەیەوە گەرەکمە ئاماژە بە هەڵوێستی لیژنەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستانیش بکەم کە لە هەمبەر ئەو راپرسیانەو کۆی ئەو بێ سەرووبەرییەی لە ئێستادا میدیای وەرزشی گرتۆتەوە، بێدەنگن! مەخابن ساڵانێکە لیژنە لە دۆخی متبووندایە، نازانم هۆکاری ئەو بێدەنگی و نا ئەکتیڤ بوونەی چیە، لێ گەر لیژنەکە چالاکبووایە، دەبوو هەموو ئەو راپرسی و رێزلێنانانە لەژێر چەتری ئەوان بووایە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە سەرۆک و ئەندامانی ئەو لیژنەیە دوو قسە بۆ میدیاکان بکەن و هۆکارەکانی ئەو سستی و نا ئەکتیڤبوونە روونبکەنەوە، یان ئەوەتا لیژنەکە کارا بکەنەوە، یاخود شوێنەکە بۆ کەسانێکی دیکە جێبهێڵن. 

کەوایە بۆ ئەوەی تووشی ئەو هەڵە کوشندانە نەبین و بێ ویژدانیش بەرامبەر بە تەواوی میدیاکاران نەکەین، باشترە هەر راپرسیەک لە چوارچێوەی بەشە جیاوازەکانی میدیا ئەنجامبدرێت ، وەک کوردەواری دەڵێ با دۆو دۆشاو تێکەڵ نەکەین!