ئاماده‌كارییه‌كانی گواردیۆلا بۆ یاریی كۆتایی چامپیۆنسلیگی 2009 به‌رامبه‌ر مانچسته‌ر یونایتد

هه‌وراز کاوه‌

19-09-2021

3562جار خوێندراوەتەوە


بەشی یەكەم 

 

به‌ جۆرێك گواردیۆلا ئه‌ركه‌كانی ڕاده‌په‌ڕاند، هه‌موو میسیان له‌یاد كردبوو، وه‌كو بڵێی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ی یارییه‌كه‌ نابێت، كه‌ دواتر هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكبوون، سیاسه‌تی ڕاهێنه‌ری به‌رشه‌لۆنه‌ هێند زیره‌كانه‌بووه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك تیپی دژ له‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا نه‌بوون لیۆ وه‌كو ژماره‌یه‌كی قورسی یارییه‌كه‌ بێت، هه‌روه‌ها ناوبراو به‌ جۆرێك باسی یاریی كۆتایی ده‌كرد، هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ جامی شای ئیسپانیا له‌گه‌ڵ تیپێكی پله‌ دوودا یارییان هه‌بێت، بۆیه‌ له‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كاندا میسی ڕۆڵی نه‌بوو، به‌ڵام له‌ كۆتایدا ده‌ركه‌وت هۆكاری ئه‌مانه‌ چین. 

پێش ده‌ستپێكردن به‌ مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ر له‌ به‌یانی پیپ گواردیۆلا بانگی چاڤی كرد و پێی وت: ده‌مه‌وێت بزانم چۆن ده‌توانین یارییه‌كه‌ ببه‌ینه‌وه‌؟
 ده‌ی پێم بڵێ‌ بزانم توانامان هه‌یه‌ به‌سه‌ر یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتدا سه‌ركه‌وین، به‌ڵام دوای ئه‌و قسانه‌ پیپ هیچی بۆ ئاشكرا نه‌بوو، یاخود هیچی ده‌ستنه‌كه‌وت، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت چاڤی وه‌ڵامی دایه‌وه‌، كه‌ به‌ڵێ‌ ده‌توانین به‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كه‌ماندا سه‌ربكه‌وین.

 دواتر پیپ وتی:
" ئه‌وكاته‌ له‌ چاوه‌كانی چاڤی هه‌ستم به‌ گومانێكی زۆر ده‌كرد، وامده‌زانی ئه‌و قسانه‌ ته‌نیا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی خۆی و من ده‌كات".

گواردیۆلا زۆربه‌ی كات خۆی به‌وه‌وه‌ سه‌رقاڵكردبوو چۆن بتوانێت به‌رامبه‌ر تیپی دژ سه‌ركه‌وتن ده‌سته‌به‌ر بكات، چونكه‌ ئه‌و تیپه‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز پێكهاته‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی تۆقێنه‌ریان هه‌بوو، به‌ تایبه‌تی له‌ دروستكردنی هێرشی پێچه‌وانه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ تیپه‌كانی به‌رامبه‌ریان ناچار ده‌كرد، به‌ شێوازی به‌رگری یاریی بكه‌ن، به‌ڵام له‌وكاته‌دا تیپی بلوگرانه‌ توانای هه‌بوو ته‌كتیكی خۆی به‌سه‌ر ڕكابه‌ره‌كه‌یدا زاڵ بكات، به‌ڵام هه‌موو ئه‌م پلانه‌ ته‌نیا سێ‌ یاریزان ده‌یانتوانی جێبه‌جێی بكه‌ن. پیپ گواردیۆلا له‌وه‌ دڵنیابوو میسی له‌ هه‌مووان زیاتر ئاماده‌یه‌، بۆیه‌ زۆر به‌ كه‌می بیری له‌ ئاست و توانستی ئه‌و ستاره‌ ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو ده‌یوست له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا پێكهاته‌ی كۆتایی یه‌كلا بكاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێكانی زۆر به‌رۆكی گرتبوون، كه‌چی گواردیۆلا زیره‌كانه‌ و به‌بێ‌ ترس یایه‌ تۆرێی له‌ جێگای ماركێز له‌ دڵی به‌رگریدا جێگیر كرد، هه‌روه‌ها بڕیاریدا له‌ به‌رگری لای چه‌پ سلڤینهۆ له‌ جێگای ئه‌بیداڵ یاریی بكات. له‌وكاته‌دا پیپ یاریزانێكی نموونه‌ی سیدۆ كێتای خسته‌ لا به‌رگری ڕاست، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه‌ چووه‌ لای گواردیۆلا و پێی وت:

"به‌ڕێز نامه‌وێت له‌وێدا یاریی بكه‌م، چونكه‌ هاوڕێكانم به‌ ده‌ست منه‌وه‌ گیرۆده‌ ده‌بن".

له‌ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی یارییه‌كه‌دا گواردیۆلا وتی:
"نازانم سبه‌ی چی ڕووده‌دات، به‌ڵام له‌م وه‌رزه‌دا كه‌س له‌ تیپه‌كه‌ی ئێمه‌ ناباته‌وه‌".
ڕۆژنامه‌وانێك لێی پرسی ئه‌ی ئه‌گه‌ر فێرگسۆن لێتانی برده‌وه‌، ئه‌وكاته‌ چی ده‌كه‌ی؟

 پیپ به‌و په‌ڕی ڕێزه‌وه‌ وتی:
" ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ نازناوێكی دیكه‌ بۆ سه‌ر مێژووی یانه‌كه‌ی زیاد ده‌كات".
پاشان ڕاهێنه‌ری ناوبراو بۆ جێگای پشووی تیپه‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌، له‌وكاته‌دا هه‌موو یاریزانانی بلوگرانه‌ ده‌وریاندا و وێنه‌یه‌كی یادگاریان پێشكه‌شكرد، كه‌ له‌سه‌ری نووسرابوو سوپاست ده‌كه‌ین بۆ هه‌موو شتێك كه‌ پێشكه‌شتكردین، دواتر  پیپ پێی وتن:
"ئێوه‌ نایابن، مرۆڤی زۆر باشن".