جامی لاوان یان کوشتنی خەونەکان؟!

ئاراس ڕەواندزی

22-04-2021

1013جار خوێندراوەتەوە


ئاراس رواندزی

لاوان و ئاستەکانی خوارتری تەمەن کۆڵەکەو بناغەی داهاتوون، لە وڵاتانی پێشکەوتوو بایەخ و گرنگیەکی زێدەیان پێدەدرێت و بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بەرنامەی پەرەپێدانیان بۆ دادەڕێژرێت.

لە هەرێمی کوردستانیش کە مەبەستی باسەکەمە، زۆرینەی لاوان ئاشق و شەیدای تۆپی پێن، ساڵانە لەلایەن یەکیەتی تۆپی پێوە خولی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە، لێ بەپێی شیکردنەوەو هەڵسەنگاندنی شارەزایانی بوارەکە، کردنەوەی خولەکان کەمترین پێوەری زانستی و سوود گەیاندنی تێدا بەدی دەکرێ، بگرە زیاتر وەک رۆتینێکی ساڵانە و شتێکی رووکەش دێتە دیتن! چەند رۆژێک لەمەوبەر یەکیەتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا لە بری خولی لاوان، جامی لاوان ئەنجامبدات، بە بڕوای من بەر لەوەی شەن و کەوی شێوازی بەڕێوەچوون و جیاوازی خول و جام یا دەرهاوێشتەکانی ئەو بڕیارە بکەم، رایدەگەیەنم کە خودی بیرۆکەکە بە کارەسات و مەترسی بۆ ئایندەی لاوان دەزانم، ئەگەرچی جام کرایە بڕیار، لێ هیوادارم نەچێتە باری جێبەجێکردن، چونکە شێوازی جام نەک نابێتە فاکتەرێک بۆ بنیاتنانی بناغەیەکی پتەو بۆ داهاتوو، بگرە دەبێتە هۆکارێک بۆ لەباربردنی هیوای ئەو لاوانەی کە خەون بە درەوشانەوەو داهاتووێکی گەش دەبینن، ئاخر چۆن دەبێ بە دوو یاری ساڵێکی یانەو یاریزان بە کۆتا بێنی، باشە بە 180 خولەک یاریزان چۆن بتوانێ بەهرەی خۆی نیشانبدات و پەرەی پێبدات؟! لە کاتێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتوو ساڵانە زیاتر لە خولێکیان بۆ دەکرێتەوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لاوان دەرفەتی زیاتریان هەبێ تاکو تواناو بەهرەکانیان نیشانبدەن، بەم هۆیەشەوە دەرفەتی دوورکەوتنەوەیان لە کایەکە ئێجگار کەم دەبێت، بە پێچەوانەی لای خۆمان کە بەهۆی بێ بەرنامەیی و بڕیاری نالۆژیکی و میزاجی کەسەکان، لاوان دوای ئەنجامدانی چەند یارییەک، تەواوی ماوەی ساڵ بە چوونە کافتریاو کێشانی نیرگلەو شتی لاوەکی بێ سوود بەسەر دەبەن، ئەم کارەش مەترسیەکی رژدە بۆ داهاتووی ئەو گەنجانەی کە ماوەی چەندین مانگ خۆیان بۆ ئەو خولە ئامادە دەکەن، کەچی تۆ بە دوو یاری پێی دەڵێی بگەڕێوە ماڵەوەو خەونی گەورە مەبینە! 

روونە کە خول و جام دوو شتی زۆر جیاوازن، لە رووی رکابەری و ئاستیشدا خول سوودو تامووچێژی زیاترە، بە پێچەوانەوە جام هیچ یەکێک لەو ئامانجانە ئەرێنیانە ناپێکێت کە دەبنە هۆکارێک بۆ پێشڤەچوونی تۆپی پێ، ئاساییە لەپاڵ خولدا جامیش سازبکرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک نابێ جام بکرێتە ئەلتەرناتیڤی خول، لێرەدا من لە سۆنگەی دڵسۆزی و خەمخۆریم بۆ کایەکە، بە مافی خۆم دەزانم رەخنە لە یەکیەتی پەیوەندیدار بگرم، چونکە ناکرێ هەر کەسەو بە هەوەسی خۆی بڕیارێک بدات، ناشێ و نابێ لەگەڵ گۆڕینی هەر دەستەیەک هەموو شتەکان سەراو ژێر ببن. 

بۆیە پێویستی دەزانم و پێشنیار دەکەم لەمەودوا لە رێگەی دانانی میکانیزمێکی زانستیەوە بەرنامە بۆ سازکردنی خولەکانی ساڵ  دابنرێت و بڕگەو خاڵەکانی بۆ تەواوی وەرز بچەسپێنرێت، نەک لە پڕێکدا خول بکەیتە جام و ژمارەی یانەکانیش بێ هیچ بنەمایەک زیاد بکەیت، ئەوە باسی هەڵبەزو دابەزی تیپەکانیش ناکەم کە لەهەر چرکە ساتێکدا بە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی کەم و زیاد دەکرێ!