گەورەترین کێشەی بارسێلۆنا چییە

ئەحمەد هێرۆیی

17-11-2020

1940جار خوێندراوەتەوە


ئەحمەد هێرۆیی

 

لە ساڵانی ڕابردوودا هەرکاتێک یانەی بلوگڕانە تووشی هەر شکستێک یان هەر بارودۆخێکی نەخوازراو دەبوویەوە، بەخێرایی ڕۆژنامەکان و هاندەران پەنجەی تاوانیان بۆ هەریەکە لە سەرۆکی یانە و لیۆنێل مێسی و ڕاهێنەر درێژ دەکرد.

بەڵام کە سەیری بارودۆخی ئەم یانەیە بکەین لە ئێستادا دەبینین کەسێک لە یانەکەدا ئەو ڕۆڵەی نەماوە کە هاندەران داوای هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی و چاکسازی و گۆڕانکاری لێ بکەن.

هەرچی سەرۆکی یانە، کە بارتۆمیۆ بوو یانەکەی لەوپەڕی خراپیدا بەجێهێشت و ئێستا یانەکە بێ سەرۆکێکی ڕاستەقینەیە، یاخود کە سەرۆکێکی نوێش هەڵبژێرن، بۆ ئەم وەرزە ناتوانێت هیچ بەرپرسیارێییەتیەک هەڵبگرێت، لەبەرئەوەی ئەم تیپە هەر ئەوەیە کە بارتۆمیۆ پێکەوەی ناوە.

لە لایەکی ترەوە لیۆنێل مێسی کە لە ماوەی دوازدە ساڵی ڕابردوودا کۆڵەکەی یەکەمی تیپەکەیەتی، ئەویش بۆ ئەم وەرزە بە قسەی خۆی هیچ خواستێکی یاریکردنی بۆ ئەم یانەیە نەمابوو، بەڵام بە زۆر لە یانەکەدا هێڵرایەوە، بۆیە ئێستا لیۆ نەک ئامادە نییە بەرپرسیارییەتی هەڵبگرێت، بەڵکو لە بیانووشە لە یانەکە، لەوانەیە چاوەڕوانی بچووکترین دەرفەت بکات، هەتاوەکو خۆی لەو یانەیە ڕزگار بکات.

سەبارەت بە ڕاهێنەریش ڕاستە زۆربەی بەرپرسیارییەتیەکە لە ئەستۆی کومانی ڕاهێنەر دایە، بەڵام کە سەیری بارودۆخی یانەکە بکەین دەبینین کومانیش لەو بارودۆخەی کە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی ئەو یانەی وەرگرت، پێویستی بەوەیە کاتی پێ بدرێت، چونکە ماوەی چەند ساڵێکە یانەی بارسێلۆنا پلە بە پلە ئاستی هاتۆتە خوارەوە و کێشەکانی زیاتر بوون، ئەم یانەیە لە ئێستادا لە هەموو لایەنێکەوە کەموکوڕی هەیە، کاتی دەوێت هەتا ئەم تیپە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی گەورە ئامادە دەکرێتەوە، بۆیە ناکرێ هەر ڕاهێنەرێک بێت زۆر بە پەلە داوای گۆڕانکاری تەواوی لێ بکرێت.

بە گشتی بە سەیرکردنی بارودۆخی بارسێلۆنا لەوە تێدەگەین ئەو یانەیە لە قۆناغی ڕاگوزەر دایە، تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەک بوونی نییە، لەوانەشە یانەکە چاوەڕوانی چارەنووسی مێسی بکات لە کۆتایی ئەمساڵدا، هەتا بتوانێت بڕیاری کۆتایی لە بارەی داهاتووی یانەکەی و کار و پڕۆژەکانی بدات.