خەندان سپۆرت
ڕۆژنامەی "سپۆرت"ی کەتەلۆنی یەکەم کاردانەوەی یانەی بەرشەلۆنەی ئاشکرا کرد، دوای ئەوەی پشتڕاستکرایەوە کە یاریزانی ناوەڕاست، گاڤی، توشی بچڕانی بەستەرێکی خاچدار بووە.
بەرشەلۆنە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر ڕایگەیاند کە گاڤی پێکانەكەی قورسەو بۆ ماوەی 7 بۆ 9 مانگ لە یاریگادا ئامادە نابێت و بەم شێوەیەش ئەم وەرزە بۆ یاریزانە ئیسپانییەکە بە تەواوی کۆتایی هات.
بەهۆی ئەم پێکانەوە بەرشەلۆنە دەستی کرد بە بیرکردنەوەیەکی ورد بۆ جێگرەوەكەی، بەتایبەتی کە وەرزەکە هێشتا نەگەیشتووەتە نیوەی ڕێگا و پاڵەوانێتی هەیە کە تیمەکە لە ئاستی ناوخۆیی و کیشوەریدا ڕکابەری لەسەر دەکات.
هێشتا ڕکابەری لەسەر خولی ئیسپانیا و گەیشتن بۆ قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ و هەروەها جامی سوپەری كە لە سعودیە لە مانگی یەکی داهاتودا بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی هەواڵێكی ڕۆژنامەکە، بەرشەلۆنە بەجدی بیر لە گواستنەوەی یاریزانێک لە یانەی جیرۆنا دەکاتەوە کە پابلۆ تۆرێیە، کە بە شێوەیەكی سەرەكی بەشداری ناكات لە یارییەكانی پێشەنگی خولی ئیسپانیا.
تۆرێ لەم وەرزەدا تەنها 119 خولەک لەگەڵ جیرۆنا یاری کردووە، بەڵام لەگەڵ تیمی یەدەگ لەوێدا درەوشاوە و بەهۆی پێکانەکەی گاڤیش دەرگا کراوەتەوە بۆ گەڕانەوەی دوبارە بۆ یاریكردن.
سپۆرت ئاماژەی بەوەش كردوە ئەگەر بەرشەلۆنە سەركەوتو نەبێت لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەبێت یاریزانێك بە هەمیشەی بگوازنەوە لە مانگی یەكی ساڵی نوێ، بەڵام دەبێت موچەكەی زۆر بەرز نەبێت و لە چەند مانگی داهاتودا کاریگەری لەسەر دۆخی ئابوری تیمی کەتەلۆنی نەبێت.