خاوەنی ئینتەر میامی بەڵێنێک دەدات بە مێسی سەبارەت بە بەرشەلۆنە

04:02 - 03/10/2023

3002جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

خۆرخی ماس یەکێک لە خاوەنەکانی ئینتەر میامی باسی لە ئەزمونی گواستنەوەی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی کرد لە هاوینی ڕابردودا.

ماس لە لێدوانێکدا کە ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی تیشکی خستۆتەسەر، وتی: بەڵێنم بە مێسی دا کە لە ساڵانی داهاتودا هەمو هەوڵێک بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی دەرفەتی ماڵئاوایی لە هاندەرانی بەرشەلۆنە هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە ئینتەر میامی بچێتە ئەوێ، یان یارییەکی دۆستانە لەگەڵ بەرشەلۆنە ئەنجامبدەین.

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەمیشە ئاواتەخوازم لیۆ بگوازمەوە، هەمووان پێیان دەگوتم شێتم، چونکە بیرم لەوە دەکردەوە کە بێتە ئینتەر میامی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ شتێک لەوە باشتر نییە کە باشترین یاریزانی جیهان بێتە میامی، لەوێ بتوانێت چێژ لە کاتەکانی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی وەربگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی 2019 کۆبونەوەیەکم لەگەڵ باوکی مێسی ڕێکخست، لە ماوەی 3 کاتژمێردا من و دەیڤد بێکهام پڕۆژەی میامیمان بۆ ڕونکردەوە، منیش پێم وت 'کوڕەکەت دەرفەتی ئەوەی دەبێت کە میراتێکی نوێ دروستبکات، چونکە، دەتوانێت تۆپی پێ لە ئەمریکا بگۆڕێت و ئەمەش لە ڕێگەی چەند دەرفەتێکەوە ڕودەدات''.

لەکۆتاییدا وتی: بەبەردەوامی پەیوەندیم لەگەڵ خۆرخی مێسی پاراست، 4 ساڵ و نیوی پێچو تاوەكو لیۆنێل ڕازی بکەم، هیواشم لەدەست نەدا، دڵنیا بوم لە هاتنی مێسی، هەروەها دەرفەتێکم دۆزیەوە دوای ئەوەی مۆندیالی 2022ی بردەوە.

نیشانەکردن

#ئینتەر مەیامی #مێسی