خەندان سپۆرت
چاڤی هێرناندێز، ڕاهێنەری یانەی بەرشەلۆنە، پێش ئەوەی ڕوبەڕوی یانەی سێڤییا ببێتەوە، لە قۆناغی هەشتەمی خولی ئیسپانیا، باسی زۆر بابەتی کرد.
سەبارەت بە تۆمەتی بەرتیلدان لەلایەن بەرشەلۆنەوە لە دۆسیەی نێگریرا پرسیار لە چاڤی کرا، ئەویش لە وەڵامدا وتی: هیچ لێدوانێکم لەسەر ئەو جۆرە بابەتانە نییە، کاتێکی کورتم هەیە بۆ شیکردنەوەی ئەوەی لە دوایین یاریدا ڕویدا، و ئامادەکارییەکی جدی بۆ یارییەکەی بەرانبەر سێڤییا بکەم.
ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە وتی: ئەو پرسە هەمیشە لە میدیاکانەوە دەوروژێنرێت، هەر هەفتەیەک یان 15 ڕۆژ جاریك چیرۆکێکی نوێ دەخوێنینەوە، بۆیە سەرقاڵ نابم پێوەی، تۆمارەکانی ئەرشیف لە ڕۆژنامەکاندان، پێموانییە بەرشەلۆنە سودی لە ناوبژیوانی وەرگرتبێت.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: هیچ بۆچونێکم نییە لەسەر ئەوەی لە کەناڵی ڕیال مەدرید چی دەگوترێت، ئێمە بەرشەلۆنەین”.
کەناڵی ڕیال مەدرید ڕاپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە کە تیایدا هێرشی کردبووە سەر ناوبژیوانییەکە، و بانگەشەی ئەوەی کردبو کە بەشێک لە ناوبژیوانەکان بەشێکن لە "قەیرانی بەناوبانگی نێگریرا"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گەندەڵی دژی تیمی شاهانە و کارکردن لە بەرژەوەندی بەرشەلۆنە.
سەبارەت بە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ یانەی سێڤییا، ئەو راهێنەرە وتیشی: ئێمە بەدوای ئەوەداین سەرکەوتن و ئاستێکی باش بەدەستبهێنینەوە، و باز بدەین بۆ لوتکەی لالیگا لەکاتێکدا چاوەڕێی ئەنجامی باقی یارییەکانی ڕۆژی شەممە دەکەین، بەڵام ڕوبەڕوبوونەوەیەکی سەخت چاوەڕێمان دەکات لە یاریگای خۆمان، بەو پێیەی سێڤییا تیمێکی بەهێز و تۆکمەیە، پاڵەوانی خولی یۆرۆپا لیگ و لەلایەن بەڕێوەبەرێکی تەکنیکی بەڕێزەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
ڕاهێنەری بەرشەلۆنە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە دوایین یاری بەرانبەر مایۆرکا ئارامی و تەرکیز و پێگەیەکی باشمان نەبو، بە ئاسانی تۆپمان لەدەست دەدا، هەروەها بەهێز نەبوین لە فشاردان بۆ وەرگرتنەوەی تۆپەکە، بەڵام ئەمە رودەدات،و دۆخی ئێستای تیمەکە خراپ نییە، وەرزی ڕابردو لە ڕوی بەرگرییەوە بەهێز بوین، و دەبێت ئەم سودە بەدەست بهێنینەوە بۆ ئەوەی ڕکابەری لەسەر نازناوەکان بکەین.
جەختیشی لەوە کردەوە: ڕێز لە ڕەخنەکان دەگرم، بەڵام لەگەڵ زۆرێکیاندا نیم، بە پشتبەستن بە بابەتە ناوخۆییەکانی ناو تیمەکە بابەتەکان شی دەکەمەوە، وە کاتەکانم بەفیڕۆ نادەم بە گرنگیدان بە بابەتە دەرەکییەکان.
چاڤی باسی لە یاریزانە لاوەکە کرد، لامین یامال، ئاماژەی بەوەشکرد: یاریزانێکی گەنجە، تەمەنی 16 ساڵە، ئەمەش پێوەرێکە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، بیرۆکەی تۆپی پێ تەنیا پەیوەست نییە بە هێشتنەوەی تۆپ و بڕینی یاریزانان، بەڵکو دەبێت بیپارێزین، بەپێی پێوەرەکانی وەک سروشتی یاریزانی بەرامبەر و کەشوهەوای یارییەکە، بەڵام یاریزانێکی تایبەت و بەتوانایە.
لە درێژەی قسەکانیدا چاڤی وتی: مامەڵەی فرانک ڕیکارد لەگەڵ لیۆ مێسی کاتێک سەرکەوت بۆ تیمی یەکەم نمونەیەکی باشە، بۆیە دەبێت بە وردی مامەڵە لەگەڵ لامین یامال بکەین سەبارەت بە ڕێژەی بەشداریکردنی لە یارییەکان و باری جەستەیی، بەڵام یاریزانێکی بەسودە، و دەتوانێت زۆر یارمەتیمان بدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانێکی لێهاتو و پاراستنی گرنگە، وەک ئەوەی لەسەر مێسی و عوسمان دێمبلی ڕویدا، من بۆ یامین یامال ناترسم کاتێک ڕوبەڕوی خیسۆس ناڤاس و سێرجیۆ ڕامۆس دەبێتەوە، شەڕانگێزی جەستەیی نیگەرانم ناکات.
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا وتی: گۆڕانكاری لە پێکهاتەی سەرەکی بۆ زۆر ڕەچاوکردن گرنگە، وەک پاراستنی یاریزانان لە پێکان کە لە ئەنجامی فشاری یارییەکانەوە دروست دەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی هەر یاریزانێک هەست بە ڕۆڵ و گرنگی خۆی بکات لەناو تیمەکەدا.
چاڤی لە کۆتایی قسەکانیدا بە ستایشێکی زۆرەوە وتی: هەمو رێزێك بۆ تیمی جیرۆنا، گرتنی پێشەنگی ڕیزبەندی خولەکەیان شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە، بەڵکو لە ئەنجامی کارە بەرزەکانی میچڵی ڕاهێنەرەکەیانەوەیە، هەروەها پڕۆژەیەکی وەرزشییە کە ساڵانێک لەمەوبەر دەستی پێکردووە.