خەندان سپۆرت
چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری یانەی بەرشەلۆنە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و باسی لە ڕوبەڕوبونەوەی یانەی ڕیال مایۆرکا کرد لە چوارچێوەی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا.
سبەی سێشەممە، کاتژمێر 10:30 شەو بەکاتی باشوری كوردستان، بەرشەلۆنە ڕوبەڕوی یانەی ڕیال مایۆرکا دەبێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناغی حەوتەمی لالیگادایە.
یانە کەتەلۆنییەکە هیوادارە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە پێشەنگی ڕیزبەندی خولی ئیسپانیا دوای ئەوەی یانەی ڕیال مەدرید توشی شكست بو لە بەرانبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید.
پلەی یەکەم بۆ چاڤی چی دەگەیەنێت؟ ئایا دەکرێت پێش ئیل کلاسیکۆ جیاوازی خاڵەکان زیاد بکرێت؟
چاڤی: ئێمە گریمانە ناکەین، ئێمە یاری بە یاری ئەنجام دەدەین و هەندێک یاری ئاڵۆزمان هەیە، ئەگەریش لە لوتکەدا بین، ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە بە باشی یارییەكان ئەنجام دەدەین و ئێمەش بە باشی كارەكانمان دەکەین.
کەی دی یۆنگ لە پێکان دەگەڕێتەوە؟
چاڤی: پێكانی فرێنکی شتێكی خراپە بۆ ئێمە، چونکە ئەو بۆ ئێمە زۆر پێویستە، بەهۆی شێوازی یاریکردنمان و ئەو ئاستەی کە پێی گەیشتووە، دوركەوتنەوەی دۆڕانێکی سەختە بۆ تیمەکە.
ئێمە بژاردەمان هەیە و هیوادارین ئامادەنەبونی ئەو کاریگەری لەسەرمان نەبێت، دەبینین دوای پشوی یارییە نێودەوڵەتیەكان شتەکان چۆن دەبێت و کەی دەگەڕێتەوە.
چاوەڕوانییەکانتان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕیاڵ مایۆرکا؟
چاڤی: ئێمە دەزانین مایۆرکا تیمێکی قورسە، خاڤیێر ئاگری لە ڕوی بەرگرییەوە کارێکی باش دەکات، بەزۆری بە بەرگرییەکی پێنج کەسی یاری دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانی هەیە کە ڕاستەوخۆ وەک ئامات یان موریکی یاری دەکات، یارییەکی قورس دەبێت لە یاریگایەکی ئاڵۆزدا.
پێت وایە تیمێکی باشترت هەیە لە ڕیاڵ مەدرید؟
چاڤی: باشە لە مانگی حوزەیران پێتان دەڵێم، دڵخۆشم بە تیمەکەم، بەڵام بەبێ بەراوردکردن، دڵخۆشم بەو گرێبەستانەی کە کردومانە، پێکهاتەیەکی گەورەمان نییە، بەڵام یاریزانی هەمەچەشنمان زۆرە لە هەمو هێڵەكاندا.
ئایا سەرت سوڕما لە شکستی ڕیال مەدرید؟
چاڤی: یارییەکی نایاب بو، بەتایبەت بۆ ئەتلەتیکۆ، نازانم ئەنچیلۆتی هەڵە بو یان نا، من تەنیا سەیری یارییەکەم کرد، نامەوێت بەشداری هیچ شتێک بکەم کە پەیوەندی بە ئەنچیلۆتی یان مەدریدەوە هەبێت.
بەرشەلۆنە پێشەنگە و مەدریدیش گلەیی لە ناوبژیوانان دەکات؟
چاڤی: نازانم، پرسیارێکە بۆ ئەوان، ئێمەش گلەییمان کرد کاتێک هەستمان بە نادادپەروەری ناوبژیوانان کرد، بەڵام پرسیارەکە بۆ ئەوانە، هەروەها سەبارەت بە خاڵە لاوازەکانی ڕیاڵ مەدرید، وتی: هەمیشە بە بەهێزی دەیانبینم، خاڵی بەهێز و لاوازیان هەیە هاوشێوەی هەموان، چیتر باسی مەدرید ناکەین، کاتێک بەرانبەریان یاری دەکەین، پرسیارم لێ بكەن.
ئایا پرۆسەی گۆڕانكاری یاریزانان بەردەوام دەبێت؟
بەڵێ، گۆڕانکاری کەم تا زۆر لە دو یان سێ پۆست لە هەر یارییەکدا ڕودەدات و ئەمەش ئەوەیە کە دەبێت بیکەین، هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە پێکان.