خەندان سپۆرت
نرخی بلیتی ئەگەری یەکەم یاری لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لەگەڵ یانەی ئینتەر میامی، یانە نوێیەکەی بەرانبەر کروز ئازولی مەکسیکی، كە لە 21ی تەمموز بەڕێوەدەچێت بە رێژەیەكی بەرچاو بەرزبوەتەوە، بە جۆرێك كە 9 هەزار دۆلاری تێپەڕاندوە، بەپێی ئەوەی لەلایەن تۆڕی “ESPN” بڵاوكراوەتەوە.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کردوە، هەر کە گواستنەوەی مێسی بۆ ئینتەر میامی پشتڕاستکرایەوە، نرخی بلیتی یارییەکان بە رێژەی زیاتر لە 1000% بەرزبوەوە و گەیشتە ئاستێکی شێتانە، بەو پێیەی نرخی هەرزانترین بلیتەکان لە نزیکەی 30 دۆلارەوە بۆ زیاتر لە 400 دۆلار بەرزبوەتەوە، بە جۆرێك بەرزترین نرخی بلیتی یارییەکان گەیشتە زیاتر لە 9 هەزار دۆلار.
وە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە لە خولی تۆپی پێی ئەمریکی لە پێنجەمی تەمموزی داهاتو دەکرێتەوە، بۆیە یەکەم یاری بۆ ئەو هێرشبەرە لانیکەم تاوەكو مانگی داهاتو ئەنجام نادرێت.
ئەگەری هەیە یەكەم یاری ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لەگەڵ ئینتەر میامی لە جامی خولەکەدا بێت بەرانبەر کروز ئازول.
جامی خولەكانی 2023، سێیەمین پاڵەوانێتییە کەبەڕێوە دەچێت لە نێوان 21ی تەمموز تاوەكو 19ی ئابی 2023 لە نێوان خولی تۆپی پێی خولی گەورە و خولی مەکسیک بەڕێوەدەچێت و هەر 77 یارییەکەش لە ئەمریکا یان کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
ئەم پاڵەوانێتییە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی مەکسیکەوە ڕێکدەخرێت و لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست و کاریبی (کۆنکاکاف)ەوە پەسەندكراوە.