خەندان سپۆرت
کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی، ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید، ئەمڕۆ شەممە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی جێهێشتنی یانە شاهانەییەکەی یەکلاییکردەوە، پێش ئەوەی دوایین یاریی لە خولی ئیسپانیا بۆ وەرزی 2022-2023 بکات.
ئەنچیلۆتی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێش ئەوەی ڕوبەڕوی یانەی ئەتلەتیک بلباو ببنەوە لە دوایین قۆناغی خولی ئیسپانیا بۆ ئەم وەرزە وتی: مانگی هەنگوینی بەردەوامە، من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ یانەکەدا نییە، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەکە باشتر بوە لەو ماوەیەی پێکەوە بەسەرمان بردوە.
وە ڕاهێنەرە دێرینەکە بەردەوام بو لە قسەكردن و وتی: ئێمە بەرەو پێشەوە دەڕۆین، زۆر دڵخۆشم بە مانەوەم لە مەدرید، هەوڵدەدەم وەرزی داهاتو ئاستێکی باشتر پێشکەش بکەم.
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستەکەی لەم وەرزەدا، کە تیایدا نازناوی جامی شا و جامی جیهانی یانەکان و جامی سوپەری ئەوروپای بەدەستهێنا، وتی: ئەستەمە خۆت هەڵسەنگاندن بۆ خۆت بکەیت، بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکەم ئەوەیە کە وەرزەکە زۆر درێژ بو وە زۆریش ئاڵۆز بو.
ئەنچیلۆتی وتیشی: زۆر کارمان کرد، بۆیە کاتێکی زۆرمان نەبو بۆ ئامادەکاری، و لەسەر ئاستی کەسی، هەندێکجار نەمتوانی پاڵنەرێک بۆ یاریزانەکان بدۆزمەوە، چونکە هاندانی هەر 3 ڕۆژ جارێک زۆر ئاڵۆزە، ئاماژەی بە خشتەی چڕوپڕی یارییەکان كرد، کە لە ماوەی وەرزەکەدا 61 یاری بووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەمو شتێکم كردوە، هەڵسەنگاندنم بۆ خۆم ئەرێنییە، بەڵام دڵنیام ساڵی داهاتو باشتر کاردەکەم.