وەڵامێکی توند لە فلۆرەنتینۆ پێرێزەوە

05:01 - 23/05/2023

2167جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ڕیال مەدرید، بەردەوام بو لە هەڵمەتەکانی بۆ بەرگریکردن لە ڤینیسیۆس جونیۆری بەڕازیلی، ئەستێرەی تیمەکەی.

لەم دواییانەدا ڤینیسیۆس جونیۆر توشی هێرشی ڕەگەزپەرستانە بو، دوایین هێرشیش لە کاتی یاری تیمەکەیدا بو بەرانبەر ڤالانسیا لە خولی ئیسپانیا.

پێرێز لە لێدوانێکدا کە ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی تیشکی خستۆتە سەری، وتی: دەمەوێت ئەوە ڕابگەیەنم کە ڕیاڵ مەدرید بەرگەی هیچ ڕوداوێکی ڕەگەزپەرستانەی دیكە لەگەڵ یاریزانەکانمان ناگرێت.

و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڤینیسیۆس جونیۆر قوربانییەکە، جێگەی داخە کە دەیانەوێت ئەو تاوانبار بکەن کە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین، ئێمە داوای وەڵامێکی بەهێز و تۆکمە لە بەرپرسان دەکەین.

پێرێز وتیشی: ئەوەی ڕویدا بەڕاستی مەترسیدارە، وە ئەوە یەکەمجار نییە کە ئەمە ڕوبدات، ئەو کۆمەڵگایەی ئێمە تێیدا دەژین شایەنی ئەوە نییە کە بەو شیوەیە بێت، وەرزش شوێنی کۆبونەوەیە بۆ بەهاکان و پێکەوەژیان کە پاڵنەری ڕێز و هاودەنگییە.

وە فلۆرێنتینۆ پێرێز وتیشی: لەبەر ئەم هۆکارە دەمەوێت بابەتەکە ڕون بکەمەوە و ئیدانەی بکەم کە ڕیاڵ مەدرید تەحەمولی ڕوداوی زیاتر و سوکایەتی ڕەگەزپەرستانە ناکات بەرانبەر هیچ یاریزانێکی.

 سەبارەت بە ناوبژیوانان سەرۆك وتی: دەبێت تەواوی پێکهاتەی ناوبژیوانی لە تۆپی پێماندا بگۆڕین، هەروەها تەکنەلۆژیای VAR لەخۆدەگرێت، کە بە ئامانجی یارمەتیدان و پەرەپێدانی تۆپی پێ هاتوە، بەڵام خراپ بەکارهێنانی دوبارەی، وەک ئەوەی یەکشەممەی ڕابردو ڕویدا ، بو بە کێشەی سەرەکی.

لە کۆتاییدا وتی: VAR لەوێیە بۆ یارمەتیدان، بەڵام ناکرێ بەهۆی ئەوەی لە مێستایە ڕویدا، بە دروستی مامەڵەی نەکردبێت، ئەمانە ڕوداوی جددین و ڤینیسیۆس قوربانی هەمو ئەمانەیە، نابێت لێبوردەیی هەبێت بۆ ڕەگەزپەرستەكان، وێنەی تۆپی پێمان لە جیهاندا زیانێکی گەورەی بەرکەوتوە.

نیشانەکردن

#ریال مەدرید