کۆنفرانسی پیپ گواردیۆلا بۆ یارییەكەی ڕیال مەدرید

06:28 - 16/05/2023

3245جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

یاریگای ئیتیحاد کە قەڵای سیتیزنە، میوانداری یارییەکەی مانچستەر سیتی بەرانبەر ڕیال مەدرید دەکات، کە ئێوارەی چوارشەممە 17ی ئایار، کاتژمێر دەی شەو بەکاتی باشوری كوردستان بەڕێوەدەچێت.

ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە لێدوانی لەسەر سەختی یارییەکەی دا و جەختی لەوە کردەوە کە بەرگریکارە هۆڵەندییەکەی ناسان ئاکێ بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکەدا ئامادەنابێت.

نزیکبونەوە لە بەدەستهێنانی چامپیۆنس لیگ؟
پیپ وتی: ئەمە شتێکی ناوازەیە، ئێمە پێشتر گرنگی چامپیۆنس لیگ دەزانین، بەڵام دەبێت چێژ لەم ساتانە وەربگرین، هەروەها هەمو شتێک دەکەین بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.

وە لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە یارییەکەی ڕیال مەدرید وتی: کەش و هەوای یاریگای ئیتیحاد گرنگ دەبێت، بەڵام ڕیال مەدریدیش یارییەکی بەهێز ئەنجام دەدات، و دەبێت دوای ئەنجامی یاریی گەڕانەوە دۆخەکە باشتر بکەین، بۆیە بەهێزتر دەبین لە هێڵی هێرشبەری.

گواردیۆلا وتیشی: دەبێت زۆر باشتر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاری بکەین، دەزانم هاندەران لەگەڵمان دەبن و لەم ساتە سەختانەدا بەتەنیا جێمان ناهێڵن، چونکە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنس لیگ خەونە.

هەڵوێستی دی برۆین سەبارەت بە بەشداریکردن لە ڕیاڵ مەدرید؟
 وتی: دی برۆین 100% ئامادەیە بەشداری یارییەکە بکات، تەنیا ئاکی تاکە یاریزانە کە بەشداری یارییەکە ناکات.

كام تیم براوە دەبێت؟
پێپ وتی: نازانم کێ دەچێتە یاری کۆتایی، بەڵام دڵنیایە ئەو تیمەی ئاستێکی باش پێشکەش دەکات سەردەکەوێت، 10 قۆناغی پێش کۆتایی یاریم کردوە و 7 یاریم دۆڕاندوە، ئەو هەستەش دەزانم، بەڵام شتگەلێک لە تۆپی پێدا هەیە بۆ من کە دەتوانیت کۆنتڕۆڵی بکەم.

گواردیۆلا وتیشی: ئێمە هیچ شتێکی نوێ لە یارییەکەی سبەینێدا ناكەین، بەڵام من سەرنجم لەسەر چۆنیەتی یاریکردنی هێڵی هێرشبەرانە، وە هیچ شتێک ئاشکرا ناکەم، ئەگەرنا کارلۆ ئەنچیلۆتی گوێی لە پلانەکانمان دەبێت.


و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێموایە گۆڕانکاری زۆر لە یاریگادا ڕوبدات، بەڵام ئەگەر هەمان ئەو شتەی کە لە یارییەکەی وەرزی ڕابردو رویدا کە بە ئەنجامی 4-3 کۆتایی هات، هیوادارم وانەبێت، زۆر شت هەیە کە... جێبەجێ دەکرێن کە نە یاریزانان و نە ڕاهێنەران ناتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن، وە هەمو تیمێک پلانێکی جیاوازی هەیە.

لەگەڵ مان سیتی بۆ ماوەی 7 ساڵ مەشق و ڕاهێنان دەکەیت؟
سەبارەت بە مەشقەکانی سیتی وتی: پێم وا نەبو بۆ ماوەیەکی زۆر لێرە بمێنمەوە، هیوایەکی ئەوتۆم نەبو، بەڵام دڵخۆشم بەم بەردەوامییە لەگەڵ تیپەکەدا.

بۆچی ساڵانە ڕیاڵ مەدرید لە چامپیۆنس لیگ دەدرەوشێتەوە؟
گواردیۆلا دەڵێت: هۆکارەکەی نازانم، ئەگەر بمزانیایە هەوڵم دەدا لاسایی ئەو شێوازە بکەمەوە، بەڵام ئەوە دەڵێم، چونکە هەمیشە یاریزانی ئاست بەرزیان هەبوە، وە کاتێک نازناوەکەم لەگەڵ بەرشەلۆنە بەدەستهێنا، ئەوە بەهۆی بونی یاریزانی ئاست بەرزەوە بو.

لە چی دەترسیت بەرانبەر ڕیال مەدرید؟
لە کۆتاییدا وتی: دەترسم ئەوەی وەرزی ڕابردو ڕویدا دوبارە ڕوبداتەوە، هەر بارودۆخێکی یارییەکە یان کاتی یارییەکە هەرچییەک بێت، هەمیشە تیپێکی نایابیان هەیە، ئەوان هەمیشە بیر لەوە دەکەنەوە کە بڕیارە چی بکەن، منیش بیر لەوە دەکەمەوە کە چی دەکەم و خاڵە بەهێزەکانمان بۆ ئەوەی بتوانین کۆنتڕۆڵی یارییەکە بکەین.