مباپێ پاریس سانجێرمان جێناهێڵێت

04:55 - 11/05/2023

1888جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ڕۆژنامەی “مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی کەتەلۆنی ئاشکرایکردوە، کیلیان مباپێ یاریزانی پاریس سانجێرمان لە گواستنەوەکانی هاوینەی داهاتودا یانەكە جێناهێڵێت.

گرێبەستەکەی مباپێ لەگەڵ یانە پاریسییەکە لە ساڵی 2025 کۆتایی دێت، بەڵام مافی ئەوەی هەیە لە کۆتایی وەرزی داهاتو لە 30ی حوزەیرانی 2024 گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە و تەنیا بڕیارەکەش لە دەستی ئەو یاریزانە فەرەنسییەدایە.

هەرچەندە چەندین هەواڵ باس لەوە دەکەن کە مباپێ پاریس سانجێرمان جێدەهێڵێت دوای شکستی دوبارەی یانەکە لە بردنەوەی چامپیۆنس لیگ، بەڵام ئەوە بەشێک نییە لەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییەی کە هاوینی داهاتو لە یانەکەدا ڕودەدات، یاریزانە فەرەنسییەکەش لەگەڵ نزیکبونەوەی ڕۆشتنی لیۆنێل مێسی دەمێنێتەوە كە 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ گرێبەستی ئەو یاریزانە ئەرجەنتینیە كۆتایی دێت.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ئێستادا مباپێ بە هیچ نرخێک لەلایەن ئیدارەی پاریس سان جێرمانەوە بەهای بۆ دانەنراوە و بۆ فرۆشتن نییە، چونکە ئەمە کێشەیەکی زۆر لە هەمو ئاراستەکاندا دروست دەکات.

جێگای سەرنجە، ئیدارەی پاریس سانجێرمانیش بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت بۆ ڕۆیشتنی نەیمار، چونکە ساڵانێکە ئەو یاریزانە ئاستی خوازراوی دابین نەکردوە لەگەڵ ئەو یانەیەدا.

نیشانەکردن

#پاریس سان جێرمان