خەندان سپۆرت
سیمۆن ئینزاگی ڕاهێنەری یانەی ئینتەرمیلان دوپاتی کردەوە کە تیپەکەی پلانەکەی ناگۆڕێت جا ڕافایل لیاو لە پێکهاتەی میلان بێت یان نا.
ئینتەرمیلان دەبێتە میوانی یانەی میلان، لە رۆژی چوارشەممە، لە یاریگای سان سیرۆ، لە یاری چونی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنس لیگ، لەو روبەروبونەوەیەدا گومانەکان لەسەر بەشدارنەکردنی لیاو زۆر بوە كە یاریزانەكە بەهۆی پێكانەوە دوركەوتوەتەوە.
ئینزاگی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: دەزانین کە سبەی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنس لیگە، هەروەها دێربی بە هەمان شێوە، و دەزانین چەندە گرنگە بۆ هەمومان، و دەمانەوێت بە باشترین شێوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت زۆر عەقڵ و دڵمان بەکاربهێنین، هەروەها دەبێت ژیر بین، ساتەکانی مەترسیدار و ڕوداوی چاوەڕواننەکراو ڕودەدەن، دەزانین کە ڕوبەڕوبونەوەیەکی 180 خولەکییە لە دو كاتی جیاوازدا.
ئینزاگی: لە ماوەی 20 مانگدا 7 یاری دێربیمان ئەنجامداوە، سەرکەوتن و دۆڕاوین، بەڵام دەزانین کە هەر یارییەک تایبەتە.
سەبارەت بە ئەگەری دورخستنەوەی لیاو لە پێكهاتەی میلان، ڕاهێنەری ئینتەرمیلان لە وتی: هەمومان سیفەتەکانی ئەو یاریزانە دەزانین، هەروەها دەزانین کە ڕەنگە بونی هەبێت یان نەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو یاریزانەکەمان ناگۆڕێت پلانی یارییەكەمان هەر ئەوە دەبێت كەهەیە.
و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: من وەک تۆ دڵنیا نیم کە لیاو بەشداری ناکات، منیش ئەمەم وت، ئێمە سیفەتەکانی دەزانین، لەم یارییانەشدا هەر یاریزانێک کە بانگ دەکرێت هەمو توانای خوی دەخاتە گەڕ.
ئینزاگی دوپاتی کردەوە کە تیپەکەی هیچ ترسێک بەرانبەر میلان نیشان نادات و وتی: ئێمە ناترسین و شەرم ناکەین لەو ئاڵنگارییە، هەروەها دەزانین بە دڵ و دەرون بە باشترین شێوە یاری دەکەین.
سیمۆن ئاماژەی بەوەشکرد، گومان هەیە لەسەر بەشداریکردنی بەرگریکار ڕۆبن گوسێنس لەگەڵ تیپەکەی بەرانبەر میلان، ڕونیشی کردەوە کە تاوەكو ئێستا بونی گوسێنس لە پێکهاتەکەدا نادیارە.