هێزێكی ئەمنی تایبەت لە دەوروبەری ماڵی مێسی و نەیمار بڵاوەی پێكراوە

04:57 - 04/05/2023

2277جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ئیدارەی یانە فەرەنسییەکەی پاریس سان جێرمان ڕێوشوێنی ناوازەی گرتەبەر بۆ ئەوەی لە دوایین کاتژمێرەکاندا توڕەیی هاندەرانی تیمەکەی کۆنتڕۆڵ بکات.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی AFP دوپاتی کردەوە کە پاریس سانجێرمان بڕیاریداوە ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە دەوروبەری بارەگای مەشق و ڕاهێنانەکانی یانەکە چڕتر بکاتەوە، هەروەها ماڵی ژمارەیەک لە ئەستێرەکانی تیپەکەش.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاسەوانی تایبەت لە دەوروبەری ماڵەکانی لیۆنێل مێسی و نەیمار جونیۆر و مارکۆ ڤێراتی جێگیرکراون.

وە ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی پاریسی دوێنێ، چوارشەممە، لەبەردەم بارەگای یانەکە کۆبونەوە و سوکایەتی و دروشمی دوژمنکارانەیان دژی بەرپرسانی یانەکە و یاریزانان و ڕاهێنەری تیپەکە، کریستۆف گالتیێ ڕژاند.

هەروەها کۆمەڵێک هاندەری توڕە چوونە ماڵی ئەستێرەی بەڕازیلی نەیمار جونیۆر و بە توندی دروشمیان دژی ئەو ئەستێرەیە بەرزکردەوە.

یانە پاریسییەکە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕوداوەکانی شەرمەزارکرد و کردەوەی هاندەرانی توڕەی ئیدانە کرد.