خەندان سپۆرت
بەرگریکاری بایرن میونشن، ماتیاس دی لێخت دوپاتیکردەوە، لە هەمو ئەو تیمانەی ڕوبەڕومان بونەتەوە، مان سیتی بەهێزترینە، چونکە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردودا چوار جار نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە و ئێستا ئێرلینگ هالاندیان هەیە، کە هەڕەشەیەکی گەورەیە کە پێویستی بە تەرکیزێکی زۆر هەیە.
ئەمشەو سیتی لە یاری چونی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ میوانداری بایرن دەکات و یارییەكەش لە كاتژمێر 10:00ی شەو بە كاتی باشوری كوردستان بەڕێوە دەچێت.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو بەرگریكارە وتی: زۆر تیمی باش ماوە، بەڵام ئەگەر سەیری کوالیتی یارییەکە بکەیت، مانچستەر سیتی یەکێکە لە بەهێزترین تیمەکانی جیهان.
ئاماژەی بەوەشکرد، یارییەکی نایاب دەبێت، تیپێکی نایابیان هەیە، ڕاهێنەرێکی گەورەیان هەیە، هەمو ساڵێک چانسی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگیان هەیە.
لەبارەی ڕوبەڕوبونەوەی هالاند، وتی: هالاند یەکێکە لە باشترین هێرشبەرەکانی جیهان و دۆخێکی باشی هەیە، لەناو ناوچەی سزادا باشە، بۆیە دەبێت تیپەکەمان لە باشترین ئاستیدا بێن بۆ ئەوەی هالاند بوەستێنێت.