خەندان سپۆرت
لویس هامیلتۆن کە حەوت جار پاڵەوانی جیهانی فۆرمۆلا وەن بوە، ڕۆژی پێنجشەممە ستایشی بڕیاری غەرامەکردنی نیلسۆن پیکێتی بەڕازیلی کرد بەهۆی لێدوانی ڕەگەزپەرستانە و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت کەسانی "پڕ لە ڕق" بە ئارەزوی خۆیان قسە بكەن.
پیکێت، پاڵەوانی پێشوی سێ جاری پێشوی جیهان لە پۆلێنی یەکەمدا، کۆتایی هەفتەی ڕابردو بە بڕی 945 هەزار دۆلار غەرامە کرا، دوای ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە ساڵی 2021 ئەنجامیدا، هامیلتۆنی بە (پیاوە ڕەشپێستە بچوکەکە) وەسفکرد.
دادگایەک لە بەرازیل بڕیاری سزاكەیدا بەو پێیەی وتەكانی ناوبراو "سوکایەتییەکی قورس بە بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا" پێکدەهێنێت.
لە شاری مێلبۆرن لە پەراوێزی پێشبڕکێی گەورەی ئوسترالیا کە ڕۆژی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت، کە قۆناغی سێیەمی پاڵەوانێتی جیهانییە، هامیلتۆن وتی: هێشتا پێموایە نابێت بە شێوەیەکی گشتی سەکۆیەک بدەین بەو کەسانەی کە پڕن لە ڕق و کینە.
وە یاریزانە تەمەن 38 ساڵەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: حەز دەکەم دان بە دەسەڵاتدارانی بەڕازیلدا بنێم، پێموایە زۆر سەرسوڕهێنەرە ئەوەی ئەوان کردویانە بە لێپرسینەوە لە کەسێک، و نیشاندانی خەڵک کە ئەم قسانە تەحەمول ناکرێت.
وە ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕەگەزپەرستی و هۆمۆفۆبیا قبوڵ ناکرێت، و هیچ شوێنێکیان بۆ نییە لە کۆمەڵگاکەماندا، بۆیە زۆرم خۆشدەوێت کە ئەوان نیشانیاندا کە روبەروی ئەو كەسانە دەوەستنەوە.