خەندان سپۆرت
ڕۆدری یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر سیتی و هەڵبژاردەی ئیسپانیا ڕەخنەی لە شێوازی یاریکردنی سکۆتلەندا گرت، دوای ئەو یارییەی کە لا ڕۆخا دوێنێ لە یاریگای هامپدن پارک بە ئەنجامی 2/0 گۆڵ دۆڕا، لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024.
سکۆتلەندا ئەو سوپرایزەی بەدەستهێنا بە بردنەوەی 2/0 گۆڵ لە ئیسپانیا، ئەمەش بەهۆی گۆڵێکی بەهێزی سکۆت ماکتۆمینی یاریزانی مانچستەر یونایتد، بەڵام هاوتاکەی لە مانچستەر سیتی توڕە بو لە شێوازی یاریکردنی تیمی سکۆتلەندی.
ڕۆدری دوای یارییەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاند: کاتێک دەدۆڕێیت، بێ هیوا دەبیت، بەڵام پێموایە زۆر شتی باشمان کرد بۆ بردنەوە، بەڵام گۆڵی پێویستمان تۆمارنەکرد و هەلی ئاسانمان لە دەستدا.
یاریزانە ئیسپانییەکە وتیشی: دەبێت ڕێز لە هەمو شێوازەکانی یاریکردن بگریت، بەڵام شێوازی یاریکردنیان تەنیا وەك زبڵ بو، چونکە هەمیشە کات بەفیڕۆ دەدەن، لەناو یاریگادا ئیستفزازیت دەکەن، ئەمە تۆپی پێ نییە، ئەوە زبڵە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوە کەمێک بێزارکەر دەبێت، لە پێناو وەرزشیدا پێویستە 90 خولەکەکە لە هەمان ئاستدا ئەنجام بدرێت، ناوبژیوان کۆنترۆڵی ئەو کارانە بکات کە دەیکەن، بەڵام هیچی نەکرد.
لە کۆتاییدا وتی: پێموایە ئەم یارییە فێرمان دەکات کە ڕوبەڕوی ئەم تیپانە ببینەوە بە شێوازی یاریکردنیان، ئەوان چەکەکانیان هەیە، پێموایە دەبێت لە یاری داهاتودا چەکەکانمان بەکاربهێنین.
سکۆتلەندا لەسەر حیسابی ئیسپانیا پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتوە، دوای ئەوەی دو سەرکەوتنی بەسەر قوبرس و ئیسپانیا ئەنجامدا.