خەندان سپۆرت
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کردوە، مەرجێک هەیە کە ڕەنگە ڕێککەوتنی بەرشەلۆنە لەگەڵ ئیلکای گۆندۆگان، یاریزانی تیپی یەکەمی مانچستەر سیتی تێکبدات، بۆ ئەوەی هاوینی داهاتو لە كردنەوەی دەرگای میرکاتۆ ڕوبکاتە كامپ نۆ.
گرێبەستەکەی گۆندۆگان لەگەڵ مان سیتی لە 30ی حوزەیران کۆتایی دێت و لە ڕێگەی ڕۆژنامە ئینگلیزەکانەوە پێشبینی ناکرێ یاریزانە ئەڵمانییەکە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و لە کۆتایی وەرزی ئێستادا بە خۆڕایی بڕوات.
بەڵام بەپێی بەرنامەی “جیجانتێس”ی ئیسپانی، پێشتر ڕێککەوتنێک لەنێوان بەرشەلۆنە و گۆندۆگان کراوە، بەڵام مەرجێک هەیە کە ڕەنگە ئەم ڕێککەوتنە تێکبدات بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە سەختەی کە یانە کەتەلۆنییەکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
بەرشەلۆنە بەدەست قەیرانێکەوە دەناڵێنێت لە تۆمارکردنی یاریزانان بەهۆی زۆری موچەی تیپی یەکەمی تۆپی پێ، چونکە پێویستە ئەو بلۆکە بە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ کەمبکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت یاریزانی نوێ تۆمار بکات.
ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی بەرشەلۆنە گرێبەستە نوێیەکەی گاڤی تۆمار نەكرێت، دوای بڕیارێکی دادگای بازرگانی کە یانەکە دەبێت بلۆکی موچە کەمبکاتەوە، وەک لە پەیڕەوی ناوخۆی خولی ئیسپانیادا هاتوە.
بۆیە ئیدارەی بەرشەلۆنە ویستویەتی مەرجێکی تایبەت لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ گۆندۆگان دابنێت، کە یاریزانەکە پێی ڕازی نەبو، ئەویش ئەوەیە کە بە خواستن بێتە یانەكە ئەگەر قەیرانی موچە چارەسەر نەکرێت و بەردەوامی بێتوانایی لە تۆمارکردنی گرێبەستی نوێ بەرۆكی یانەكە بگرێت.
ئەمەش لە ڕێککەوتنی بەرشەلۆنە لەگەڵ بەرگریکاری ئەتلەتیک بلباو و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ئینجیۆ مارتینێز ڕویدا، کە ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر گواستنەوەی بۆ قەڵای "کامپ نو" ئەگەر قەیرانی موچە چارەسەرکرا، یان تەنانەت ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بو، بە خواستن بگوازرێتەوە.