خەندان سپۆرت
ئەمڕۆ دوشەممە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیسپانیا پشتڕاستیکردەوە کە چێڵسی ئامانجی ئەوەیە یەکێک لە ئەستێرە نایابەكانی بەرشەلۆنە بگوازێتەوە، لە ماوەی هاوینی داهاتودا.
بەگوێرەی هەواڵێكی ڕۆژنامەی کەتەلۆنی "سپۆرت"، تۆد بۆیلی خاوەنی یانەی چێڵسی سورە لەسەر ئەوەی فرێنکی دی یۆنگ ئەستێرەی هۆڵەندی، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بەرشەلۆنە بخاتە نێو ریزەكانی یانەكەیەوە، چونکە ئەو یاریزانە وەك داینەمۆیەك بۆ بلوز دەزانێت لەناو پڕۆژە زەبەلاحەکەیدا.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لە مێركاتۆی هاوینەدا ململانێی بەهێزی نێوان چێڵسی و مانچستەر یونایتد بە خۆییەوە دەبینێت، چونكە شەیتانە سورەكان هێشتا پابەندن بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە هۆڵەندییە، ئەمەش لەسەر بنەمای خواستی ڕاهێنەر ئیریک تێن هاگ بوە.
یونایتد هاوینی ڕابردو ئۆفەرێکی بۆ گواستنەوەی دی یۆنگ پێشکەش کرد، بەڵام یاریزانەکە ڕەتیکردەوە یاریگای سپۆتیفای کامپ نو جێبهێڵێت، بەڵام ڕۆژنامەکە پشتڕاستیکردەوە کە "دی یۆنگ" پابەندە بە مانەوە لە بەرشەلۆنە، و تاوەكو ئەم ساتە ڕەتیدەکاتەوە تیمەكەی کەتەلۆنیا جێبهێڵێت.
دی یۆنگ گرێبەستێکی لەگەڵ بەرشەلۆنە هەیە کە تاوەكو مانگی حوزەیرانی 2026، ئەستێرە هۆڵەندیەكە لە هاوینی 2019 لە ئەیاکسی هۆڵەندییەوە ڕوی لە یانە کەتەلۆنییەکە کردوە.