خەندان سپۆرت
هێرشبەرە ئینگلیزیەكە دانی بەوەداناوە کە یاساکانی گرەوکردنی یەکێتی تۆپی پێی پێشێل کردوە و ئەگەری هەیە بەو هۆیەشەوە لە یاریكردن ڕابگیرێت.
لە مانگی کانونی دوەمی ساڵی ڕابردودا ئیڤان تۆنی هێرشبەری یانەی برێنتفۆرد تۆمەتبارکرا بە پێشێلکردنی یاساکانی "قومار"ی یەکێتی تۆپی پێ لە ساڵی 2017 تاوەكو 2021، لەگەڵ زیادکردنی 30 تۆمەتی دیکە کە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2019 ڕویانداوە، بەمەش ژمارەی تۆمەتەکانی گەیشتوەتە 262 تۆمەت.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، تۆنی دانی بەوەداناوە کە چەندین كاری پێشێلکردنی یاساکانی قومارکردنی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا بە گرەوکردن لەسەر تۆپی پێ ئەنجام داوە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆنی تۆمەتبار نەکراوە بەوەی گرەو لەسەر هیچ یەکێک لەو تیپانە بکات کە پێشتر لەماوەی ژیانی وەرزشیدا یارییان پێکردوە، لەنێویاندا برێنتفۆرد، بەڵام ئەم تۆمەتانە کاریگەری زۆریان لەسەر ژیانی وەرزشی دەبێت و ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخەکەی و دودڵی یانەکان بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکەن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشبینی دەکرێت ئەو یاریزانە پێش کۆتایی هاتنی وەرز دەست بە سزای درێژخایەن بکات، بەو پێیەی دانی بە چەند تۆمەتێکدا ناوە کە لە مانگی کانونی دوەمی ڕابردو لەلایەن یەکێتی تۆپی پێوە ئاراستەی كراوە.
پێشبینیش دەکرێت بەهۆی سڕکردنی تۆنی لە یارییەکانی پاڵاوتنەکانی پاڵەوانێتی ئەوروپا بەرانبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئۆکرانیا لە مانگی داهاتودا لەگەڵ هەڵبژاردەکەی دور بخرێتەوە.
جێگای سەرنجە هێرشبەرە تەمەن 26 ساڵەکە لەم وەرزەدا لەگەڵ تیپەکەیدا قۆناغێکی زۆر باشدا تێدەپەڕێت، چونکە لە 22 یاری پرێمەرلیگدا 14 گۆڵی تۆمارکردوە.