ڕۆناڵدۆ فڕۆکە تایبەتەکەی دەفرۆشێت

03:38 - 31/01/2023

3135جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی بڵاویکردەوە، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی، هێرشبەری تۆپی پێی یانەی نەسڕی سعودی، سەرکەوتو بوە لە دۆزینەوەی کڕیارێک بۆ فڕۆکە تایبەتەکەی، ئەوەش دوای چەند مانگێک لە خستنەڕوی بۆ فرۆشتن.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردودا فڕۆکە تایبەتەکەی پێشکەش بە فرۆشتن کرد، چونکە ویستی فڕۆکەیەک بکڕێت کە تایبەتمەندی باشتری هەبێت.

وە ڕۆژنامەی کەتەلۆنی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ" ئاشکرای کردوە کە ڕۆناڵدۆ دواجار گەیشتوەتە کڕیارێک بۆ فڕۆکە تایبەتەکەی "گولستریم جی 200" کە تەنها 250 دانەی  لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.

بەگوێرەی ڕۆژنامە کەتەلۆنییەکە، درێژی فڕۆکەکە 7.4 مەتر و پانییەکەی 2.19 مەتر و بەرزییەکەی 6.53 مەتر دەبێت.

ئەم فڕۆکەیە لە کاتی کڕینی لە ساڵی 2015 کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بڕی 20 ملیۆن یۆرۆی تێچوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو بڕە نەزانراوە کە لە ساڵی 2023دا فرۆشتویەتی.

ئەم فڕۆکەیە جگە لە بونی کابینەیەکی گشتگیر توانی هەڵگرتنی 10 کەس هەبو، لەکاتێکدا زۆرترین خێراییەکەی دەگاتە 560 میل لە کاتژمێرێکدا.

جگە لەوەش فڕۆکەکەی ئەستێرە پورتوگالییەکە بە وردەکارییەکانی دیکە جیاکرایەوە، بەو پێیەی زۆر فراوان بو و ساردکەرەوە و مایکرۆوەیڤ و فڕنی کارەبایی و وای فای و تەلەفۆن و سیستەمی مالتیمیدیای تێدابو.

جێگای سەرنجە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی تەمەن 37 ساڵ بە گواستنەوەی بێ بەرانبەر ڕوی لە ڕیزەکانی یانەی نەسر کرد، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچستەر یونایتد بە ڕەزامەندی هەردولا کۆتایی هات.

نیشانەکردن

#جیهان #کریستیانۆ