ئایا بانکی ناوەندی ئەرجەنتین دراو بە وێنەی میسییەوە چاپ دەکات

02:07 - 26/12/2022

2188جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر بوە براوەی مۆندیالەکە، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بانکی ناوەندی ئەرجەنتین کار لەسەر پێشنیازێک دەکات بۆ ئەوەی دراوێک بە وێنەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەکەیەوە چاپ بکات، بەڵام ئاژانسی فرانس پرێس لەبەدواداچونێکدا دەڵێت، ئەو دەنگۆیە راست نییە و هیچ دراوێک بەوێنەی میسییەوە چاپ ناکرێت.

18ی ئەم مانگە یاری کۆتایی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، لەنێوان هەردو هەڵبژاردەی فڕەنسا و ئەرجەنتین بەڕێوەچو و تیایدا ئەرجەنتین بە لێدانی یەکلاکەرەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بۆ جاری سێیەم لە مێژوی خۆیدا مۆندیالی بردەوە.

لە یاریی کۆتایی مۆندیال، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بوە باشترین یاریزانی یارییەکە، بە بردنەوەی مۆندیالیش لەلایەن هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەکە بو بە خاوەنی تەواوی دەستکەوتە تاکە کەسی و کۆمەڵەکان لە ژیانی وەرزشی خۆیدا.

ئاژانسی فرانس پرێس بەدواداچونێکی خۆی لەبارەی ئەو دەنگۆیە بڵاوکردەوە کە باسی لەوەکردبو لە بەرامبەر بردنەوەی مۆندیال، بانکی ناوەندی ئەرجەنتین کار لەسەر پێشنیازێک دەکات بۆ ئەوەی دراوێک بە وێنەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەکە چاپ بکات، ئاژانسەکە دەڵێت، بانکی ناوەندی ئەرجەنتین هیچ پلانێکی لەو شێوەیەی بڵاونەکردوەتەوە و هیچ سەرچاوەیەک بۆ ئەو دەنگۆیە بونی نییە، لەکاتێکدا ئەو دەنگۆیە لەسەر ئاستی جیهان جێگەی گرنگی پێدانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوە.

پەیوەست بەم بابەتەش فرناندۆ ئالونسۆ، وتەبێژی بانکی ناوەندی ئەرجەنتین بە فرانس پرێس-ی راگەیاندوە، "بانکی ناوەندی ئەرجەنتین هیچ پڕۆژەیەکی نییە بۆ چاپکردنی دراوێک کە وێنەی میسی لەسەر بێت".

22ی ئەم مانگە لە میدیاکان هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە باسی لەوەکردبو، بانکی ناوەندی ئەرجەنتین لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی وێنەی مێسی بخاتە سەر دراوی ئەو وڵاتە لە جۆری 1000 پێسۆی ئەرجەنتینی کە دەکاتە نزیکەی 5 دۆلار.

نیشانەکردن

#ئەرژەنتین #مێسی