خەندان سپۆرت
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی پورتوگال سوپرایزێکی قورسیان لەبارەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی کاپتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی بڵاوكردەوە كە لە پشت پەردەی ئامادەبونی ئەو یاریزانەیە لەسەر کورسی یەدەگ لە بەرانبەر سویسرا.
ڕۆژنامەی "ریکۆرد" ئەمڕۆ پێنجشەممە مانشێتێکی بڵاوکردەوە كە تێیدا نوسیویتی: "ڕۆناڵدۆ هەڕەشەی ڕۆشتنی کرد".
ڕۆژنامە پورتوگالییەکە ئاشکرای کردوە کە "دۆن" هەڕەشەی جێهێشتنی کەمپی وڵاتەکەی کردوە لە مۆندیالدا، هەر کە زانیویەتی لەسەر کورسی یەدەگ دانیشتوە لە کاتی یارییەكەیان لەگەڵ سویسرا.
یەكێتی تۆپی پێی پورتوگالیش لەوبارەیەوە بەیاننامەیەكی فەرمی بڵاوكردوەتەوە و هەواڵەكەی ریكۆردی پورتوگالی ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت ئەو بابەتە دورە لە ڕاستیەوە.
قەیرانێک لە نێوان ڕۆناڵدۆ و فێرناندۆ سانتۆسی ڕاهێنەر لە یارییەکەی قۆناغی کۆمەڵەکاندا بەرانبەر کۆریای باشور دروست بو، لە خولەکی 65دا سانتۆس بڕیاریدا ڕۆناڵدۆ بهێنێتە دەرەوە ئەنجامەکەش ئاماژەی بە یەکسانبونێکی ئەرێنی کرد، بە گۆڵێک بۆ هەردولا و ڕۆناڵدۆش لە کاتی دانیشتنی بە توڕەیی دەرکەوت.
میدیاکان باسیان لەوە كرد کە ڕۆناڵدۆ لەکاتی جێهێشتنی یاریگادا وتیەتی: "پەلەیەکی زۆر دەکەیت بۆ دەرهێنانم" كە مەبەستی لە سانتۆس بوە.
توڕەییەکە زۆر ڕون بو لەسەر ڕوخساری "دۆن"، ئەمەش ئەوە بو کە ڕاهێنەرەکە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی پێش کۆبونەوەکە لەگەڵ سویسرا لێدوانی لەسەر دا و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوە قبوڵکراو نییە، لە ئەنجامدا بڕیاریدا بە سزادانی ڕۆناڵدۆ لەسەر کورسی یەدەگ لە دوایین یاری بەرانبەر سویسرا.