بەرازیل توشی گەورەترین شكست بو لە نێو ماراكانا و ئەڵمانیا بوە پاڵەوان

02:46 - 05/12/2022

1628جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - شەقامی مۆندیال (زنجیرەی بیست و دوو) - زاگرۆس نانەكەلی


مۆندیالی 2014ی بەرازیل لەرێكەوتی 12-6تا 137-2014 بەبەشداری (32) هەڵبژاردە و دوای ئەنجامدانی (64) یاری تواندرا (171) گۆڵ تۆماربكە بەرێژەی (2،67) گۆڵ بۆ هەریارییەك،لەتێكڕای شەست وچوار یارییەكە هاندەران رێژەیان گەیشتە (3،429،873)  سێ ملیۆن وچوارسەد وبیست ونۆ هەزار وهەشت سەد وحەفتا وسێ بەرێژەی (53،592) پەنجا وسێ هەزار وپێنج سەد و نۆهەد ودوو كەس،تێكڕای یارییەكان لە (12) شار و(12) یاریگا بەرێوەچوو.

یاریزانی كۆڵۆمبی (خامینێس رۆدرێگز) بەتۆماركردنی (6) گۆڵ بووە گۆڵكاری مۆندیال،باشترین یاریزانی لاو (پۆل پۆبگا)ی فەرەنسی بوو،باشترین گۆڵپارێز (مانوێل نوێیەر)ی ئەڵمانی بوو،هەروەها یاری پاك درایە هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیا،بەڵام باشترین یاریزانی مۆندیالی 2014ی بەرازیل (میسی) ئەرژەنتین بوو،ئەڵمانیا بووە پاڵەوان وئەرژەنتین پلەی دووەم  و هۆڵەندا پلەی سێیەم و بەرازیل پلەی چوارەم.

تەكنەلۆژیای هێڵی گۆڵ
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی یەكێتی تۆپی پێ ڕایگەیاند كە تەكنەلۆژیای هێڵی گۆڵ لە مۆندیالی 2014ی بەڕازیل بەكاردەهێنرێت دوای سەركەوتنی لە جامی كیشوانەكانی 2013، بەم شێوەیە بووە یەكەمین پاڵەوانێتی مۆندیال كە تیایدا تەكنەلۆژیای هێڵی گۆڵ بەكاربهێنرێت.
ئامانج لێی بەكارهێنانی ئەو تایبەتمەندییە بەمەبەستی چارەسەركردنی هەر ناڕوونییەك، ئەمەش ئاسانكاری دەكات بۆ داوەرەكانی سەرەكی و چوار داوەری یاریدەدەر بۆ بڕیاردان بەبێ ترسی نادادپەروەری بەسەر هەر لایەنێكدا، وەك ئەوەی لە پاڵەوانێتییەكانی پێشوودا ڕوویدا، فیفا مۆڵەتەكەی بە كۆمپانیای گۆڵ كۆنترۆڵی ئەڵمانی بەخشی بۆ ئەوەی ببێتە دابینكەری فەرمی تەكنەلۆژیا لە مۆندیالدا، دوای سەركەوتنی لە تاقیكردنەوەی سیستەمەكەدا لە كاتی جامی كیشوەرەكانی 2013.

سپرای كاڵبوونەوە
سپرای كاڵبوونەوە لەكاتی لێدانی فواڵ لە یاری ئیكوادۆر و سویسرا لەمۆندیالی 2014 بۆ یەكەم جار بەكارهات،دوای ئەزموونی سەركەوتووانەی بەكارهێنانی لە مۆندیالی خوار 20 ساڵانی 2013 و جامی جیهانی خوار 17 ساڵان و جامی جیهانی یانەكانی 2013، فیفا لە كۆبوونەوەی خۆیدا لە 3ی ئازاری 2014دا، بەكارهێنانی سپرای كاڵبوونەوەی پەسەند كرد لەلایەن داوەرەكانەوە  بەكار بێت  و بۆ یەكەمجار لە یاری كۆتایی مۆندیالی پەیڕەو بكرێت و  ئامانج لێی یارمەتیدانی داوەرەكانە بۆ ئەوەی شوێنی هەڵەكە دیاری بكەن،تا داوەر شوێنی دیواری بەرگری نیشان بكات بۆ تیپی بەرانبەر و وەستانی دیوارەكە پێش ئەوەی لێدانی فاوڵ‌كە جێبەجێبكرێت، لە كۆتایدا داوەر هێڵێك بە درێژایی ئەو شوێنە بە پەمپەكە دەكێشێت و كە دوورە لەو شوێنەی كە تۆپەكە لێی دەدرێت، واتە ئەو شوێنەی كە نزیكترین بەرگریكاری لێیە ڕێگەی پێدراوە، و ئەو هێڵەی كە بە سپڕای كاڵبوونەوە بەكار هاتووە  لە ماوەی خولەكێكدا دوای ئەوە نامێنێت.

كاتی وەستاو بۆخواردنەوەی ئاو
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یەكێتی تۆپی پێی (فیفا) رەزامەندی نیشاندا بەو پێشنیازەی كە لەلایەن ڕاهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیتاڵیا سیزار پراندێلی سەبارەت بە دانانی پشوو لە كاتی یارییەكەدا بۆ یاریزانەكان بۆ خواردنەوەی ئاو لە ئەگەری گەرمبوونی كەشوهەوای نائاسایی، دوای ئەو قەیرانەی كە هەمووان لەو ماوەیەدا تووشی بوون جامی كیشوەرەكان 2013 بەهۆی شێداری بەرزی ناوازە ، لە بەرازیل. پێشبینی دەكرێت ئەم ماوەیە لە نیو كاتژمێرێكدا(3) خولەك یاریزانەكان پشوو بدەن وبوەستن بۆ خواردنەوی ئاو. بەڵام لە هەندێك یارییدا كە پێشتر فیفا ڕایانگەیاندبوو جێبەجێكرا،بەتایبەتی كە ئەو یاریانەی كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ ئەنجام دەدرا،بۆیە مۆندیالی بەرازیلی 2014 ئەم بڕگە و پێشنیارەش پەسند كرا بۆ خزمەتی یاریزانان.

گاز و قەپ و گەزەكەی سوارێز
لویس سوارێزی یاریزانی ئۆرگوای لە مۆندیالی 2014ی بەرازیل،گازی لە جۆرجیۆ كیلینی بەرگریكاری ئیتاڵیدا،كاتێك لەیاری هەردوو هەڵبژاردەی ئۆرگوای وئیتاڵیا بوو بە كێشە لەنێوانیان،ئەم گازە ناویاننا (پێوەدانی دراكولا) كە لویس سوارێزی ئۆرۆگوای لە شانی جۆرجیۆ كیلینی بەرگریكاری ئیتاڵیدا، بۆیەبۆ (9)  یاری ڕاگیرا و بۆ ماوەی چوار مانگ سەرجەم چالاكیەكانی وەرزشی لێ قەدەغە كرا.

گریانی نیمار وكارەساتی ماراكانا
یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەرزایل و ئەڵمانیا بووە كارەسات بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل،چونكە لە مۆندیالی 1950 لە بەرازیل بەرێوەچوو،هەڵبژاردەی ئۆرگوای لە بەرزایلی بردەوە وزیاتر لە (100) هەزار كەس لەهاندەرانی بەرازیل گریان،ئەمجارەشیان جگە لەوەی ئەڵمانیا لەنێو خاكی بەرازیل لە هەڵبژاردەی بەرازیلی بردەوە،بەڵام ئەنجامەكە (7-1) بۆ بەرژەوەندی ئەڵمانیا كۆتایی هات،بووە كارەسات بۆ خەڵكی بەرازیل بەگشتی و هاندەران ویاریزانانی بەرازیل بەتایبەتی،چونكە هەڵبژاردەی بەرازیل بە تایبەتی لە مۆندیال هیچ كاتێك تووشی ئەم شكستە زەبەلاحە نەبۆتەوە،بۆیە زۆربەی زۆری هاندەران ویاریزانانی بەرازیل لەنێو یاریگای ماراكانا گریان.

یاری كۆتایی
یاری كۆتایی مۆندیالی 2014ی بەرازیل لەرێكەوتی 13-7-2014 لەیاریگای ماراكانی بە ئامادەبوونی (74،738)  حەفتاو چوارهەزار وحەفت سەد وسی وهەشت كەس ئامادەبوون، لەشاری ریۆ دی جانیریۆ) لەبەرازیل بەرێوەچوو.

یاریزانی ئەڵمانی (ماریۆ گۆتزە) بووە پیاوی یارییەكە،دوای ئەوەی كاتی یاسایی تەواو بوو هەردوو هەڵبژاردە بەبێ گۆڵ یەكسان بوون،بەڵام لە تایمی دووەمی كاتی زیادكراو  لە خولەكی (113) لە پاسێكی یاریزانی ئەڵمانی (شۆرلە) بۆ یاریزان (ماریۆ گۆتزە)ی رەوان كرد وئەویش بەلێدانێكی ژیر بۆ رۆمیرۆی گۆڵپارێزی ئەرژەنتینی رەوان كرد وتاكە گۆڵی یاری كۆتایی تۆماركرد وبەمشێوەیەش ئەڵمانیا بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2014ی بەرازیل.

نیشانەکردن

#مۆندیالی قەتەر