سکالۆنی: مۆندیال سەختەو ئەمە ئەو شتەیە کە من لە مێسی داوا دەکەم

03:44 - 19/11/2022

2396جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

لیۆنێل سکالۆنی ڕاهێنەری ئەرجەنتین نیازی هەڵبژاردەکەی پشتڕاستکردەوە بۆ ئەوەی تاوەكو کۆتایی لە مۆندیالی قەتەر 2022 بجەنگێت، کە سبەی یەکشەممە دەستپێدەکات.

سکالۆنی لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئۆلی" ئەرجەنتینی، سەبارەت بە هەستەکانی وەک ڕاهێنەرێک بۆ سەماکارانی تانگۆ وتی: "هەمان ئەو هەستەی کە وەک یاریزانێک ئەزمونم کرد، هەستێکی ناوازە و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "زیاتر لەوە ئامانج ئەوەیە کە چێژ لە ساتەکە و مۆندیال وەربگریت، و کاتێکی خۆش بەسەر بەریت لەسەر ئاستی پیشەگەرانە و پابەندبون و ئامادەکاری".

وە سەبارەت بە بەشداریکردنی لە مۆندیال بۆ جاری سێیەم، دوای خولی 2006 وەک یاریزان، و پاشان 2018 وەک یاریدەدەری ڕاهێنەر، وتی: ئەم پاڵەوانێتییە جیاوازە لەبەر ئەوەی هیچ ماوەی ئامادەکاری تێدا نییە، هەر کێشەیەک کە بەسەرماندا بێت لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەرکردنی مەحاڵ دەبێت، وە دواتر کێشەی گەرما هەیە کە لە مۆندیالەکانداو ئەوەش شتێکی نامۆ نییە.

سکالۆنی ئاماژەی بەوەشکرد، لە مۆندیالەکاندا ڕەنگە یەک هەڵەی چاوەڕواننەکراو لە پاڵەوانێتییەکە دەرتبکات، وەک ئەوەی لە ساڵی 2002دا لەگەڵ ئەرجەنتین ڕویدا، کاتێک بەهۆی لێدانی سزایەکی نەشایستە بەرانبەر ئینگلتەرا پاڵەوانێتییەکەی جێهێشت.

ئەو راهێنەرە وتیشی: "بۆیە ئەمانە بابەتگەلێکن کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، مۆندیال زۆر دڕندە و نادادپەروەرییە بەرانبەر بەو کەسانەی کە شایەنی ئەوەن".

و لە درێژەی قسەکانیدا وتی، لەگەڵ نزیکبونەوەی مۆندیال، ئەدرنالین بەرز دەبێتەوە و دڵەڕاوکێ زیاد دەکات، بەڵام دەبێت هاوسەنگ بیت، ئەمانە یاری تۆپی پێن و دەبێت چێژیان لێ وەربگریت.. کەم کەس دەرفەتی ئەوەی هەیە لە مۆندیالدا یاری بکات، منیش هەمیشە بە یاریزانەکان دەڵێم: کاتێک دەگەنە تەمەنی من، دەتوانن بڵێن یاریتان کردوە لە مۆندیال بە درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەتەوە... ئەمە شانازیتان پێدەبەخشێت".

سەبارەت بە دۆخی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش لە وەڵامدا وتی: ئێمە لە دۆخێکی باشداین، بیرۆکەیەکی ڕونمان هەیە لەسەر شێوازی یاریکردن کە ئێمە دەمانەوێت، و ڕکابەری هەموان دەکەین.. بە سەیرکردنی کاندیدەکان، منیش دەزانم نەک بڵێین یەک کاندید هەیە، زۆر تیپی گەورە هەیە، و زۆرێکیان لە قۆناغی یەکەمدا ڕوبەڕوی یەکتر دەبنەوەو لە قۆناغی 16 هەندێکیان دەڕۆن".

و لە درێژەی قسەکانیدا وتی "بۆیە ئەستەمە بڵێین کێ نازناوەکە دەباتەوە.. کۆمەڵێک تیم هەن کە توانای ئەوەیان هەیە، ئەم وەشانەی لە وەشانی پێشو قورسترە".

سەبارەت بە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، لیۆنێل مێسی، سکالۆنی وتی: زۆر باشە گفتوگۆکانی لە یاری کۆتایی جامی ئەمریکا بەرانبەر بەڕازیل لەگەڵ یاریزانەکان بڵاوبوەتەوە، بۆ ئەوەی هاندەران بزانن کێیە و چی بە هاوکارەکانی دەگەیەنێت.

و لە درێژەی قسەکانیدا وتی "هەمیشە هەروایە، دەزانین کە ئێستا لە ساتێکی پێگەیشتنی تەواودایە، و چێژ لە خۆی وەردەگرێت.. من شتە تایبەتەکانی پێ ناڵێم، بەڵام وەک ئەوانی دیكە داوای لێدەکەم چێژ لە مۆندیال وەربگرێت، و بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش لە یاریگادا بەسەر بەرن".

و لە کۆتاییدا سكالۆنی وتی: پێویستە هاندەران بزانن کە ئێمە بێهیوایان ناکەین، و لە هەمو یارییەکدا تاوەكو مردن شەڕ دەکەین.. بەڵام وەک وتم مۆندیال سەختە.. وە هەندێکجار باشترین تیپ سەرناکەوێت .. بەڵام ئەوەی بۆ هاندەران گرنگە ئەوە بزانن کە ئێمە هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەمان بە باشترین شێوە.