بەرشەلۆنە دو یاریزانی بۆ یاری کلاسیکۆ لەدەست دەدات

05:35 - 24/09/2022

4106جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

بەرشەلۆنە گورزێکی توندی بەركەوت و پێش یارییەکەی ئێل کلاسیۆ بەرانبەر ریاڵ مەدرید کە بڕیاربو لە 16ی تشرینی یەکەم ئەنجام بدرێت لە خولی ئیسپانیا دو یاریزانی توشی پێكان بون.

یانە کەتەلۆنیەكە سروشتی ئەو پێکانەی ئاشکرا کرد کە بەرۆكی یۆلیس کۆندێ و رۆناڵد ئاراوخۆی گرتوە.

کۆندێ لە سەرەتای یارییەکەی فەرەنسا و نەمسادا دوچاری پێکانێکی بو، دوای تەنها 23 خولەک یاریگای بەهۆی پێکان لە ماسولکەکانیدا جێهێشت.

بەرشەلۆنە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاندوە، "ئەو پشکنینانەی لەسەر یاریزانەکە ئەنجامدراون، بەیانی ئەمڕۆ، پشتڕاستیانکردوەتەوە کە تووشی پێکان بون لە ماسولکەی دو بڕبڕەی ڕان لەگەڵ پەنجەی چەپ".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "کۆندی ئامادە نابێت بۆ بەشداریکردن لە یارییەکان تاوەکو لە پێکانەکەی چاک دەبێتەوە".

وە بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی “سپۆرت”ی ئیسپانی، دوایین پشکنینەکان پشتڕاستیان کردەوە کە کۆندێ بۆ ماوەی 4 تا 5 هەفتە لە یارییەکان ئامادە نابێت، هەربۆیە بەشداری لە کلاسیکۆدا ناکات بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید کە بڕیارە لە 16ی تشرینی یەکەم ئەنجام بدرێت.

بەرشەلۆنە ئەوەشی ڕونکردەوە، ئەو پشکنینانەی لەسەر ڕۆناڵد ئاراوخۆ ئەنجامدراون، بەرەبەیانی ئەم شەممەیە، "دەریخستووە کە توشی بچڕان بوە لە ڕیشاڵی ماسولکەی  ڕانی ڕاستی، هەروەها یاریزانەکە لە یارییەکان ئامادە نابێت تاوەکو لە پێكانەكەی چاک دەبێتەوە.

ڕۆژنامەی "موندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی بڵاویکردەوە کە ئاراوخۆ لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک لە یارییەکان دور دەكەوێتەوە و بەهۆیەشەوە بەشداری كلاسیكۆ ناکات.

نیشانەکردن

#بەرشلۆنە