خەندان سپۆرت
دیدیە دێشامپ، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا سەری سوڕما لەو ئاژاوەگێڕییەی کە لە دەوری یەکێک لە بڕیارە تەکنیکییەکانیدا دروست بو.
لە کۆتایی ساڵی رابردوەوە دیشامپ، ئۆلیڤیە جیرۆی هێرشبەری یانەی میلان لە حیساباتەکانی دورخستەوە، ئەمەش دوای گەڕانەوەی کەریم بنزیما بۆ کەتیبەی كەڵەشێرەكان لە دوای پێشبڕکێکانی یۆرۆی 2020.
دێشامپ پێش ئەوەی ڕوبەڕوی نەمسا ببێتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپادا، وتی: نازانم جیرۆ چی بە میدیاکان دەڵێت، منیش گرنگی بەو شتە نادەم.
لە لێدوانەکانی ڕۆژنامەی "لیكیپ"دا ئەو راهێنەرە وتی: "دەزانم چۆن کارەکان بەڕێوەببەم، جیاوازی هەیە لە نێوان وتن و کرداردا، من ناڵێم بانگکردنی جیرۆ مەحاڵە، بەڵام ئەوە یەکێکە لەو شتانەی کە من لە داهاتویەکی نزیکدا بیری لێدەکەمەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، جیرۆ پێویست ناکات قەناعەتم پێبکات بە تواناکانی، ئەو شێوازی من دەزانێت، هەروەها ئەوەی لە جارەکانی پێشودا سەبارەت بە پێگەی خۆی وتم دوبارە ناکەمەوە، زۆر یاریزان هەن کە لە قۆناغەکانی پێشودا بەهۆی بارودۆخەکەیانەوە دورم خستوونەتەوە، و ژاوەژاوەکە کەمتر بو.
وە ڕاهێنەری پاڵەوانانی جیهان لە کۆتایی لێدوانەکانیدا وتی: جیرۆ زۆر بە زەحمەت کاردەکات، ئامانجیشی ئەوەیە وەک باقی هاوکارەکانی هەمو هەوڵێکی خۆی بدات، چونکە ڕکابەرییەکە بەهێزە، لە کۆتاییدا بڕیارەکەش هی منە.
ئۆلیڤە جیرۆ گەڕایەوە بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا و سودی لە پێکانەکەی کەریم بنزیما وەرگرت، لەکاتێکدا كەڵەشێرەكان ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەمسا و دانیمارک لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا.