کیرۆش بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران دەگاتە تاران

04:01 - 14/09/2022

1306جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

کارلۆس کیرۆشی پورتوگالی ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتە تاران بۆ سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئێران لە جامی جیهانی قەتەر 2022، لە دوەم سەردەمی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی فارسەكان.

ئەو راهێنەرە تەمەن 69 ساڵە لەگەڵ گەیشتنی بۆ فڕۆكەخانەی تاران وتی: "وا هەستەكەم گەڕاومەتەوە ماڵەكەم"


ناوبراو وتیشی: هیوادارم پێکەوە کارکردنمان ببێتە هۆی بەدیهێنانی خەونەکانی ئێران.

كیرۆش ئەمشەو سەرپەرشتی یەکەمین مەشق و ڕاهێنانی هەڵبژاردەی ئێران دەکات، كە تێیدا بە ئامادەبونی میدیاكان كۆنفراسێكی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدات.

ئەو راهێنەرە تەنها 75 رۆژ پێش دەستپێكردنی مۆندیال ئەركی سەركردایەتی كردنی ئێرانی پێ دەسپێردرێت.

كیرۆش ماوەی 8 ساڵ سەرکردایەتی ئێرانی کردبو، لەو ماوەیەدا سەرکەوتو بو لەسەرخستنی ئەو هەڵبژاردەیە بۆ مۆندیالەکانی بەرازیل 2014 و ڕوسیا 2018 کە تیپەکە لە قۆناغی کۆمەڵەکان دورخراییەوە.

پێشتر سکۆسیچ سەرکردایەتی ئێرانی کرد بۆ سەرکەوتن بۆ مۆندیال و لە کۆی 18 خاڵ توانی 15 خاڵ بۆ هەلبژاردەكە بەدەست بهێنێت، بەڵام گۆڕینی پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتی تۆپی پێی ئێران، هەروەها دوبارە هەڵبژاردنەوەی مێهدی تاج کە پێشتر لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2019 هەمان پۆستی هەبووە، بوە هۆی دانوستان لەگەڵ كیرۆش بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکە لە مۆندیالدا.

رێککەوتنی راهێنەرە پورتوگالییەکە دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ میسر هات لە مانگی نیسانی رابردودا، دوای ئەوەی تەنها هەشت مانگ ئەو ئەركەی هەبو، وە نەیتوانی میسڕ بگەیەنێتە مۆندیال.