فلۆرێنتینۆ پێرێز: هەرگیز بیرم نەدەکردەوە ئەم ڕۆژە بێت

02:29 - 22/08/2022

3776جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

لە كۆنفرانسی ماڵئاوایكردنی كاسیمێرۆ، فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی شاهانە لە بارەی  رۆیشتنی ئەو یاریزانە قسەی كرد، كە پوختەی لێدوانەكەی بەمشێوەیە بو.

فلۆرەنتینۆ پێرێز: "مێژوی ڕیاڵ مەدرید هەمو ڕۆژێک دەنوسرێتەوە و هەموی دەربارەی بەهایە و لەلایەن یاریزانە تایبەتەکانی ڕیاڵ مەدریدەوە نوسراوە، هەموان دەیانەوێت بزانن کە مەدرید چۆن هەمیشە لە لوتکەدایە و ئەوە بەهۆی ئەوەوەیە کە ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ یاریزانەکانمان دەکەین".

فلۆرەنتینۆ پێرێز: "کاسیمێرۆ یەکێکە لە تایبەتترین و گرنگترین یاریزانەکانمان لە دەیەی ڕابردو، هەرگیز ئاستەکانت لەبیر ناکەم، تۆ بویت بە یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانمان، ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر تایبەت و خەمناکە بۆ ڕیاڵ مەدرید".

سەرۆكی یانەی شاهانە وتیشی: "ئێمە زۆر شانازی بەو مێژوەوە دەکەین کە لە ڕیاڵ مەدرید تۆمارت کردوە، هەمو یارییەک لێرە ئەنجامت داوە وەک ئەوەی کۆتا دانەی تۆ بێت، مەدرید یانەیەکی زۆر داواکراوە و بەشداریت لە بەشێکی زۆر لە مێژوی ئێمە کردوە سوپاستان دەکەین".

فلۆرەنتینۆ وتیشی: "کاسیمێرۆ، تۆ نمونەی هەموان بویت لەم یانەیە، لەو ڕۆژەوەی کە گەیشتوی هەموانت سەرسام كردوە، من زۆر شانازیت پێوە دەکەم".

فلۆرەنتینۆ پێرێز: "تۆ پەیوەندی بە یانەیەکی ئەفسانەیی دەکەیت لە مانچستەر یونایتد، هیوای باشترینت بۆ دەخوازم، تۆ وەک ئەفسانەیەکی ڕیاڵ مەدرید دەڕۆیت تۆ هەمیشە پێشوازیت لێدەكرێت لێرە".

لە كۆتایدا سەرۆكی یانەی مێرەنگی وتی: "تۆ جێگای شانازیت بۆ من وەک سەرۆک و بۆ هاندەرانمان کاسیمێرۆ تۆ ئەفسانەی ڕیاڵ مەدریدی سوپاس کەیس گیان ئەمە هەمیشە ماڵی تۆیە، ئەو ڕۆژەی کە تۆ گەڕایتەوە، دەتوانین هەمو ئەم ساتانە دوبارە بیرمان بهێنیتەوە".

نیشانەکردن

#ریال مەدرید