خەندان سپۆرت
دەزگاکانی ڕاگەیاندن ناکۆکیی قوڵ لە نێوان کیلیان مباپی و نەیمار جۆنیۆر ئاشکرادەکەن و دەشڵێن کە لەسەرەتای ئەم وەرزەوە ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دو ئەستێرەیە گەیشتوەتە لوتکە.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەش تۆڕی (GFFN)ی فەڕەنسی بڵاویکردوەتەوە کیلیان مباپی لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە کۆتای وەرزی ڕابردو داوای لە کارگێڕی پاریس سانجێرمان کردوە کە دەستبەرداری نیماری بەڕازیلی بن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردوە کە ئەستێرە فەڕەنسییەکە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردو شتی زۆر لە نەیمار فێربوە و لەئێستادا دەیەوێت کاتێکی زۆرتر لەگەڵ مێسی بەسەربەرێت و لێیەوە فێربێت.
ناکۆکی و کێشەکانی ئەو دو یاریزانە لە سەرەتای ئەم وەرزە و دوای ئەو ئاستەبەرزەی کە نەیمار لە سێ یاری ڕابردوی پاریس سانجێرماندا پێشکەشیکرد زیاتر پەرەی سەندوە.
لەسەرەتای پەیوەندیکردنی هەردو یاریزانەکە بە پاریس سانجێرمانەوە لە ساڵی 2017، هاوڕێیەتیەکی تۆکمە لەنێوان ئەو دوانەیەدا دروستبو، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دو یاریزانە ساردی تێکەوتوە .
نەیمار جۆنیۆری بەڕازیلی بە گرێبەستێک تاوەكو ساڵی 2025 پەیوەستە بە مانەوە لە پاریس سانجێرمان، خاڵێکیش لە گرێبەستەکەیدا هەیە کە یانەکەی پایتەختی فەڕەنسا دەتوانێت تاوەكو هاوینی 2027 ئەستێرە بەڕازیلییەکە لە یاریگای باخچەی شازادەکان بهێڵێتەوە.