خەندان سپۆرت
یۆرگن کلۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵ خۆشحاڵی خۆی بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دیۆگۆ جۆتای یارزانی هەڵبژاردەی پورتوگالی لەگەڵ یانەکە دەربڕی.
جۆتا لە مانگی ئەیلولی 2020 پەیوەندی بە لیڤەرپولەوە کرد و سەرکەوتو بو لە پێشکەشکردنی ئاستێکی نایاب لەگەڵ یانەی سور پۆشەکان.
یاریزانە پورتوگالییەکە لە دو وەرزی یەکەمی لەگەڵ یانەی ڕیدز 34 گۆڵی تۆمارکردوە، ئەمە جگە لەوەی وەرزی رابردو جامی یەکێتی ئینگلتەرا و جامی کاراباوی بردەوە.
سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەش کلۆپ وتی: ئەوەی جۆتا بۆ ئەم تیپە و ئەم یانەیە کردویەتی بۆ هەموان دەیبینن، زۆر باشە کە گرێبەستەکەیمان نوێکردەوە، ئەم هەواڵەش زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، سیفەتەکانی زۆر گەورەن، بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو کاردەکات، فشارێکی باش دەکات و دەتوانێت لە چەند جێگەیەكی جیاوازی یاریگادا یاری بکات.
لە کۆتاییدا وتی: پێشتر گوتم جۆتا ئەو یاریزانەیە کە هیوامان دەخواست لەگەڵمان باشتر بێت، لەڕاستیدا یاریزانەکە بەرەو باشتر دەچێت و باشتر دەبێت، بۆیە بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵمان دەبێت.