ڤالڤێردی: پێویست ناکات باسی بەرشەلۆنە بکەم

04:23 - 31/07/2022

4056جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

فیدی ڤالڤێردی ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید باسی لە ئامادەکارییەکانی یانەی ریاڵ مەدرید بۆ وەرزی نوێ کرد، دوای ئەوەی لە یارییەکی دۆستانەدا بەرانبەر یۆڤانتۆس بە دو گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەیان بردەوە.

ڤالڤێردی لە لێدوانەکانیدا کە ڕۆژنامەی "مارکا"ی ئیسپانی ئاماژەی پێکردوە، وتی: "شتێکی گرنگ لەبارەی یارییەکەی یۆڤانتۆسەوە ئەوەیە کە یارمەتیدەرمانە بۆ بەرزکردنەوەی خێرایی و پێشکەوتنی جەستەیی و تەکنیکی، ئەمەش ئەوەیە کە بەدرێژایی ساڵ وزەمان پێدەبەخشێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەفتە دوای هەفتە پێشکەوتنی بەردەوام هەیە، لە کلاسیکۆدا ڕیتممان نەبو، ئێستاش دۆخەکە جیاوازە".

سەبارەت بە یاریکردن لە پێگەی باڵی ڕاست، ئەو یاریزانە وتی: "ئەمە باشترین ئاستی من نییە، بەڵام باشە، من متمانەی ڕاهێنەر و هاندانی هەمو تیپەکەم هەیە".

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو یاریزانە وتی: هەمو یاریزانێکی تیپەکە بە باشترین شێوە ڕاهێنان دەکات، ئەو هاوکارانەی کە چەندین نازناویان بەدەستهێناوە بەردەوامن لە ئامانجی زیاتر و پێدانی پەیامێک بە لاوان.

سەبارەت بە بەهێزکردنی بەرشەلۆنە وتی: من یاریزانێکی ریاڵ مەدریدم، پێویست ناکات باسی بکەم، بەڵام ئەوان بەرشەلۆنەن و هەمیشە تیپێکیان دەبێت کە شەڕ بۆ هەمو شتێک دەکات.

سەبارەت بە سیانەكەی کاسیمیرۆ و کرۆس و مۆدریچ، ڤالڤێردی وتی: ئەوان زۆر نایابن.. هەوڵدەدەم بەشێک بم لەوانە، چونکە زۆر شت فێردەبم.