وردەکاری پەیوەندی نێوان مێسی و ئەنتۆنێلا

04:44 - 10/07/2022

14417جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

پێنج ساڵ بەر لە ئێستا لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی و ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمان لەگەڵ ئەنتۆنێلا رۆکۆزی هاورێی ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجامدا.

چیرۆکی خۆشەویستی مێسی و ئەنتۆنێلا بۆ 24 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی 2009ەوە هەردو خۆشەویستەکە پێکەوە لە بەرشەلۆنە دەژین و لەئێستاشدا خاوەنی سێ کوڕن .

یەکەمین دەرکەوتنی ئەنتۆنێلا لەگەڵ مێسی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2009 ، کاتێک لیۆ لەیەکێک لە کەرنەڤاڵەکانی ناوچەی سێتجیسی شاری بەرشلۆنە لەگەڵ خانمێکدا ئامادە بو، ئەو دەرکەوتنەش بوە یەکەمین دەرکەوتنی فەرمی مێسی و ئەنتۆنێلا لەبەردەم چاوی کامێراکاندا و مێسی رایگەیاند ئەنتۆنێلا هاورێکەیەتی.

دوای ئەو دەرکەوتنە بە چەند هەفتەیەک مێسی لە چاوپێکەوتنێکدا بە لیۆناردۆ فاکیۆی نوسەری کتێبی (مێسی) راگەیاند لەسەردەمی منداڵییەوە لەگەڵ ئەنتۆنێلادا یەکتری  دەناسن و کچی مامی یەکێک لەهاوڕێ نزیکەکانیەتی، ئەو کوڕەش لۆکاس سکالیای هاوڕێی منداڵی و ئێستای مێسیە و لەتیپی بێچوە شێرانی یانەی نیوز ئۆڵد بۆیزیشدا پێکەوە یارییان کردوە.

مێسی وتوشیەتی لەو سەردەمەدا کاتێکی زۆری لە ماڵی سکالیا بەسەر بردوەو هەفتانە چەند شەوێک لە ماڵی ئەواندا رۆژی کردوەتەوە.

ئەو ماڵە لەشاری رۆزاریۆ بوەو کاتێکیش مێسی بە ئەنتۆنێلا ئاشنا بوە تەمەنی نۆ ساڵان بوە و ئەنتۆنێلاش ساڵێک لەو بچوکتر بوەو لەوکاتەشەوە پەیوەندیەکەیان دەستیپێکردوە.

ئەنتۆنێلا باوکی ناوی خۆسێیەو دایکیشی ناوی پاتریسیایە و خێزانێکی زەنگینن  کۆکردنەوەی سامانەکەشیان لە دوکانێکی بچوکی خواردەمەنیەوە دەستیپێکردوەو لەئێستاشدا  خاوەنی چەندین مارکێتی گەورەی بەناوبانگن بەناوی ئەونیکۆ.

ئەنتۆنێلا کچی دوەمی خۆسێ و پاتریسیایەو خوشکێکی لەخۆی گەورەتر و خوشکێکی بچوکتریشی هەیە، پاولای خوشکە گەورەی پارێزەرە و کارلای خوشەکە بچوکیشی پزیشکە .

لیۆنێل مێسی بەهۆی پەیوەست بونیەوە بە ئەنتۆنێلا تاوەكو ئێستا هیچ هەواڵێکی لەسەر بڵاونەبوەتەوە کە لەگەڵ خانمانی دیكەدا بینرابێت، یاخود لەیانەکانی شەوانەدا رۆژی کردبێتەوە.

نیشانەکردن

#مێسی