لیڤەرپول ئۆفەرێکی سەرنجڕاکێش ئامادە دەکات بۆ جێگرەوەی محەممەد سەڵاح

03:54 - 26/06/2022

5792جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

پێدەچێت لیڤەرپول پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ لەگەڵ محەممەد سەڵاحی یاریزانە میسرییەکە نەگەیشتبێتە رێککەوتنی کۆتایی بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ، ئەمەش وایکرد ڕیدز دەست بکات بە گەڕان بەدوای جێگرەوەی ئەو یاریزانەدا.

یانە ئینگلیزییەکە لەم دواییانەدا سێ گرێبەستی یەکلاییکردەوە، لە ماوەی مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا، دوای ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ فابیۆ کارڤالۆ لە یانەی فولهام و داروین نونێز لە یانەی بەنفیکا و دواجاریش کالڤین رامسی لە یانەی ئابەردین لە سکۆتلەندا كرد.

وە بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی بەریتانی (میرۆر) باس لەوە دەکرێت کە لیڤەرپوڵ ئارەزوی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانی پۆرتۆ، ئۆتاڤیۆ دەکات بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی هێڵی پێشەوەی لە وەرزی 2022 - 2023.

یاریزانە تەمەن 27 ساڵەکە دەتوانێت لە چەندین پێگەدا یاری بکات، وەک یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەر، وەک هێرشبەرێکی فراوان لە هەردولای یاریگە یان وەک سەرە ڕم، هەمان رۆلی هێرشبەری محەممەد سەڵاح هەیە كە لە ئێستادا لەگەڵ یانەی سور پۆشەکان ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات.

بڕیارە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا لیڤەرپول بە بڕی 34 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە هەمەلایەنە لە پۆرتۆی پۆرتۆوە پێشکەش بکات.

لای خۆیەوە وا دیارە پۆرتۆ ئامادەیە دانوستان لەگەڵ یانەی ڕیدز لەسەر گرێبەستی ئۆتاڤیۆ ئەنجام بدات، ئەمەش دوای ئەوەی یانە پورتوگالییەکە پێشنیارێکی پێشوی لەلایەن لیدز یونایتدەوە رەتکردەوە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بە بڕی 26 ملیۆن پاوەند بخاتە نێو تیمەكەیانەوە.

لیڤەرپوڵ هیواخوازە لە هاوینی ئەمساڵدا ئۆتاڤیۆ بۆ لیستی یاریزانەكانی زیاد بکات، بە تایبەتی دوای ئەوەی سادیۆ مانێ پەیوەندی بە بایرن میونشن کرد، هەروەها لە هاوینی داهاتودا ڕوبەڕوی ئەگەری رۆیشتنی محەمەد سەڵاح ببێتەوە.

ئۆتاڤیۆ لەگەڵ پۆرتۆ لە 237 یاریدا بەشداری لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا کردوە، 86 گۆڵی تۆمارکردوە، لەوەتەی لە ساڵی 2014 لە ئینتەرناسیۆناڵەوە پەیوەندی بە یانە پورتوگالیەوە کردوە.