فلیک: چاوەڕێمان نەدەکرد ئیتالیا بەو شێوەیە دەربكەوێت

05:09 - 05/06/2022

9345جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

هانس فلیک ڕاهێنەری ئەڵمانیا دوپاتیکردەوە کە تیپەکەی "هێزی" و "وردبین"ی نەبوە، ئەمەش بوەتە هۆكاری ئەوەی نەتوانن لە یارییەكەیان بەرانبەر ئیتاڵیا سەركەوتن بەدەست بهێنن لە یارییەكانی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا.

فلیک لەو 10 یارییەی کە سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای کردوە دوچاری شكست نەبوە، بەمەش پلەی سێیەمی لیستی ئەو ڕاهێنەرانەی گۆت کە توانیان لەم ژمارەیەی ڕوبەڕوبونەوەکاندا خۆیان لە شکست بەدور بگرن، دوای سێپ هێربێرگەر و یوپ دێرڤاڵ.

بەڵام فلیک لە ئاستی تیپەکەی ڕازی نەبو، داوای لە یاریزانەکانی کرد بە خێرایی گەشە بە ئاستیان بدەن.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەو راهێنەرە وتی: یارییەکەمان بە باشی دەستپێکرد، دواتر دوای 15 یان 20 خولەک ڕێگەی بەرەو گۆڵمان لەدەستدا، تیپی ئیتاڵیا زۆر باش یاریی کرد، هەروەها هەڵەی زۆرمان کرد لە دروستکردنی هێرشەکاندا، هەروەها هێز و تۆکمەی بەرگریمان نەبو.

وە لە درێژەی قسەکانیدا راهێنەرە ئەڵمانیەكە وتی، "ئەمە ئەو لایەنانەن کە پێویستە پەرەی پێبدەین، بۆ ئەوەی بتوانین سێشەممەی داهاتو باشتر یاریی بكەین بەرانبەر  ئینگلتەرا، ئێمە ئەوەی لە کاتی مەشقەکاندا جێبەجێ دەکرێت، جێبەجێمان نەکردوە، ئەمەش یەکەمجار نییە کە ئەمە ڕو دەدات.

هانس فلیك: هەڵبژاردەی ئیتاڵیا یەکگرتو بو و بە ئەزمونتر بو لەوەی چاوەڕێمان دەکرد، بۆیە ئەرێنی بو کە توانیمان گۆڵی یەکسانکردنەوە تۆمار بکەین، ڕاستەوخۆ دوای ئەوەی بە گۆڵێك پێشکەوتن.

فلیک: "ئەمە پشتڕاستی دەکاتەوە کە کۆمەڵەی نەتەوەکانی ئەوروپا دەرفەتت پێدەدات ڕوبەڕوی نەیارێکی زۆر بەهێز ببیتەوە، ئاستەکەمان ئەمڕۆ بەگشتی نەرێنی بو، دەتوانین و دەبێت زیاتر باشتری بکەین و هێز و وردبینی ئاسایی خۆمانمان نەبو".

ڕاهێنەری پێشوی بایرن میونشن ڕونیکردەوە: ئیتاڵیا میللەتێکە بۆ تۆپی پێ دەژی و هەناسە دەدات، بەرگرییەکی تۆکمەیان هەیە، من سەرسامم بە مانچینی، هەروەها شێوازی یاریکردنی ئیتاڵیا لە یۆرۆی 2020دا.

لە كۆتایدا ئەو راهێنەرە وتی: هەمومان وردە وردە بوینە هاندەری ئیتاڵیا، کاتێک بینیمان شێوازی یاریکردنیان لەو پاڵەوانێتییەدا چۆن بو، ئازۆری هەمو شتێکیان هەیە کە پێویستیانە بۆ بنیاتنانی سەردەمێکی نوێ.