کۆرتوا: ڕێگە نادەم چامپیۆنزلیگ بدۆڕێنین

03:51 - 28/05/2022

4657جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

چەند کاتژمێرێک پێش یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرانبەر لیڤەرپول لە پاریس، تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلژیکی دوپاتیکردەوە کە پەیوەندی بە یانەی شاهانە کردوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی نازناوەکان و سەرکەوتنی گەورە، 

کۆرتوا لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەمڕۆ ڕۆژنامەی "لی سۆیر"ی بەلژیکی بڵاویکردوەتەوە، ڕایگەیاندوە، یارییەکەی ئەمشەو "ساتێکی گەورە دەبێت" بۆی لە ڕیاڵ لەو کاتەوەی لە ساڵی 2018ەوە پەیوەندی بە تیپەکەوە کردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕێگە نادەم چانسی دوەمم بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لەدەست بچێت"، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 نازناوەکەی بۆ یانەی ریاڵ مەدرید لەدەستدا، لەکاتێکدا لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید یاریی دەكرد".

کۆرتوا لەبارەی گەشتی ڕیاڵ بۆ یاری کۆتایی و ئەو سەركەوتنانەی لە قۆناغی پلەی ئۆفدا بەدەستی هێناوە، لێدوانی دا و وتی: "ئیسپانیا ئەو وڵاتەیە کە زاراوەی ڕیمۆنتادا (ڕاپەڕین)ی تێدا دەرکەوت، ڕەنگە ئەمەش لەخۆڕا نەبێت، ئەوەی لە ڕوبەڕوبونەوەکانی پاریس سانجێرمان ڕویدا ، چێڵسی و مانچستەر سیتی بە سادەیی نەبوەو سەرسوڕهێنەر بون".

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو گۆڵپارێزە وتی: کاتێک سەیری هەمو ئەو شتانە دەکەیت کە لەم یارییانەدا ڕویانداوە، بە تایبەت لە یاری گەڕانەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، ڕەهەندێکی نزیکەی سەرو سروشتی دەبینیتەوە، وا دیارە تۆڕەکانم لەم وەرزەدا بچوکتر بون.

وە ئاماژەی بەوەشکردوە، "بردنەوە و بردنەوە و بردنەوە تاکە شتە لە ریاڵ مەدرید گرنگە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو هەستانەی کە چامپیۆنزلیگ ئەمساڵ پێی بەخشیم بۆ ماوەیەکی زۆر لە یادەوەریمدا دەمێنێتەوە".

لە کۆتاییدا وتی: 100% دڵنیام کە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەلژیکا بەردەوام دەبم تا جامی نەتەوەکانی ئەوروپا 2024 کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.