خەندان سپۆرت
جۆزێ مۆرینیۆی پورتوگالی و ڕاهێنەری یانەی رۆما لەبارەی باشترین یاریزانی بەرازیل، لەسەردەمی دوای پێلێ قسەی خۆی كرد و پێی وایە نەیمار نەیتوانیوە ببێتە باشترین یاریزان وەك ئەوەی لە ئێستادا لە ڕاگەیاندنە بەرازیلییەكانەوە باسی لێوە دەكرێت.
مۆرینیۆ لە لێدوانێكیدا وتی: " نەیمار باشترین یاریزانی بەرازیل نییە دوای پێلێ، چونكە پێش نەیمار، ڕۆناڵدۆ و ڕیڤاڵدۆ زۆرینەی نازناوەكانیان لەگەڵ یانەكانیان و هەڵبژاردەكەیان بەدەستهێناوە كە تا ئێستا ئەمەمان لە نەیمار نەبینیوە".
ئەو ڕاهێنەرە وتیشی: "نەیمار یاریزانێكی بەتوانایە و كەس نكوڵی لە ئاستی بەرزی ئەو یاریزانە ناكات، چونكە لە ئەوروپا لەگەڵ ئەو یانانەی یاریی بۆ كردون چەندین نازناوی بەدەستهێناوە، بەڵام نابێ ئەوەمان لە یاد بچێت كە رۆناڵدۆ و ڕیڤاڵدۆ باشترین یاریزانی سەردەمی خۆیان بون و بەڕای من تەنها ئەو ئەستێرانە باشترینی بەرازیل بون دوای پێلێ".
مۆرینیۆ چەندین جار بە شێوەیەكی ئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ رۆناڵدۆی دیاردە دەربڕیوە و پێیوایە ئەو یاریزانە باشترینە لە مێژوی تۆپی پێدا و لە پێش كریستیانۆ و مێسیشەوەیە.