کلۆپ: ئێمە کاندید نین بۆ بردنەوە بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید

05:09 - 16/05/2022

5251جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

یۆرگن کلۆپ راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵ دوپاتیکردەوە کە هێشتا رون نەبوەتەوە کە ئایا ڤێرجیل ڤان دایک و محەممەد سەڵاح دەتوانن بەشداری لە یاری داهاتوی تیپەکە بکەن کە ئێوارەی سێشەممە بەرانبەر ساوسهامپتۆن یاریی دەكات لە ڕكابەرییەكانی هەفتەی 37هەمینی پریمەرلیگ.

سەڵاح لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتی ئینگلتەرا بەرانبەر چێڵسی توشی پێکان بو، بەو هۆیەشەوە لە نیوەی یەكەمی یارییەكەدا یاریگەی جێهێشت، لە کاتێکدا ڤان دایک نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات، دوای ئەوەی پێش دەستپێکردنی یەکەم قۆناغی زیادکراو هەستی بە پێكان كرد.

كلۆپ رونیكرده‌وه‌ كه‌ تاوەكو ئێستا بڕیاری له‌سه‌ر پێكهاته‌كه‌ی نه‌داوه‌ بۆ یاریی به‌رانبه‌ر ساوسهامپتۆن، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ فابینیۆی به‌رازیلی له‌ یارییه‌كه‌ ناتوانێت ئامادەبێت.

کلۆپ لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئێوارەی رۆژی دوشەممە بەڕێوەچو، پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی سەڵاح و ڤان دایک، وتی: "هێشتا ئەم پرۆسەیە کۆتایی نەهاتوە، چونکە تەنها دو رۆژ پێش ئێستا 120 خولەک یاریمان کرد، بڕیارێکی زۆرمان لەبەردەستە، ئێمە تیپێک پێکدەهێنین لەبەر هۆکاری سەرەکی، ئەویش هەوڵدان بۆ بردنەوەی یارییەکە لە ساوسهامپتۆن، 30 خولەکی زیادە جیاوازییەکی گەورەی دروستکرد".

کلۆپ جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵ نادات زۆر گەشبین بێت، دوای ئەوەی ئێوارەی یەکشەممە مانچستەر سیتی لەگەڵ وێستهام یونایتد کەوتە داوی یەکسانبون بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ.

وە لە ئەگەری ئەوەی لیڤەرپوڵ لە ساوسهامپتۆن بباتەوە، جیاوازی لەگەڵ مان سیتی پێشەنگ بۆ خاڵێک کەم دەبێتەوە، تەنها یەک یارییەك ماوە، کلۆپ وتی: "من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی یارییەکەی سبەینێم، نازانم دوایین جار سیتی كەی بو كە دو یاریی دو خاڵ بدۆڕێنێت لەسەریەک، ئەستۆن ڤێلا دەبێت لە ناوەڕاستی هەفتە یاری بکات، ئەوان بەو شتە ڕاهاتون، پێشبینی ناکەم سیتی لەوێ خاڵ لەدەست بدات".

کلۆپ رەخنەی لە یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا گرت کە میدالیای پێویستی بە تیپەکەی نەداوە بۆ بردنەوەی جامی یەکێتی ئینگلتەرا و وتی: "ناتوانین بە یەک پێکهاتە دو یاری ئەنجام بدەین، بەڵام بۆچی سنوردارکردنی میدالیا هەیە، تکایە مەدالیای زیاتر بنێرن، تیپەکە لە گەشەکردندایە، بەڵام ژمارەکانی میدال وەک خۆی دەمێنێتەوە".

کلۆپ ئاماژەی بە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ کرد کە دوای دو هەفتە بەرانبەر ریاڵ مەدرید یاریی دەكەن و وتی: زۆر گەورە دەبێت ئەگەر لە دو هەفتەدا نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەینەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ خاوەن ئەزمونترین تیپەکانی ئەم رکابەرییەدا یاری دەکەین، ئێمە پاڵێوراوی گەورە نین، ئەوان پێشتر خولەکەیان بردوەتەوەو تیمەكە بە گشتی لە پشودایە، لە کاتێکدا ئێمە دو یاری گەورەمان لە پێشە".