له‌ خۆڕا قه‌ڵه‌وه‌كانیان نه‌ده‌كرده‌ گۆڵپارێز!

03:29 - 24/04/2022

5706جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت - زاگرۆس نانه‌كه‌لی

 

ده‌ڵێن دوكه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی ئاگرێكه‌، یاخود زۆرجاران مێژو یه‌ك تروسك دیارده‌یه‌كی له‌بیرناكات و له‌وانه‌شه‌ هه‌مان دیارده‌ و كردار خۆی دوباره‌بكاته‌وه‌، كه‌ منداڵ بوین له‌كۆڵانه‌كانی گه‌ڕه‌كه‌كانی هه‌ژارنیشینی خۆمان یاری دو گۆڵیمان ده‌كرد، به‌دبه‌ختی منداڵی قه‌ڵه‌و ئه‌و كات، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن تۆپیش بوایه‌ هه‌ر ده‌كرا به‌ گۆڵپارێز (گۆڵچی).

ئه‌گه‌ر له‌ روی زانستییه‌وه‌ شرۆڤه‌یه‌كی بۆ بكه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ ببورن من شرۆڤه‌كار وشیكه‌ره‌وه‌ی وه‌رزشی نیم، به‌ڵام مرۆڤی قه‌ڵه‌و بۆ گۆڵپارێز نابێت، چونكه‌ ده‌بێت خۆی هه‌ڵ بدات و جه‌مپی باش بێت، دواتر نابێت ببێته‌ هێرشبه‌ر، چونكه‌ ناتوانێ رابكات به‌باشی، بۆیه‌ قه‌ڵه‌وه‌كان ده‌توانین بڵێین له‌ژێر ده‌ستی لاوازه‌كان ده‌چه‌وسانه‌وه‌، ده‌زانن ته‌نها ژیان یه‌ك پێچه‌وانه‌ی هه‌یه‌، ئه‌ویش هه‌رده‌م لاوازه‌كان چه‌وساینه‌وه‌، كه‌چی لاوازه‌كانیش قه‌ڵه‌وه‌كان ده‌چه‌وسێنه‌وه‌!.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر رو له‌ مێژوی تۆپی پێی بكه‌ین هه‌مو بۆچون وشرۆڤه‌ و مرۆڤه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌، سه‌یری كۆڵپارێزی یانه‌ی چڵسی ئینگلیزی بكه‌ن، ناوی (ویلیام فۆڵك فاتی) ه‌، یه‌كه‌م گۆڵپارێزی یانه‌ی چڵسی بوه‌ و كێشی (152 كغم)، پاشان كێشی ببو به‌ (169كغم) ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی گۆڵپارێزی یانه‌ی چڵسی بوه‌، یاری كریكێتیشی ده‌كرد.

ویلیام فۆڵك فاتی رێكه‌وتی 12-4-1874 له‌دایكبوه‌، ساڵی 1905 بۆ یه‌كه‌م بۆ یانه‌ی چڵسی یاری كرد، ئه‌و كێشی (165كغم) بو، درێژیشی (187سم) بو، یانه‌ی چڵسی بۆندێكی له‌گه‌ڵ یانه‌ی شیفڵد یۆنایتد كرد به‌ (50) پاوه‌ند بۆ گواستنه‌وه‌ی ویلیام فاتی، یاخود ویلیامی گه‌وره‌كه‌، كه‌ به‌وه‌ به‌ناوبانگ بو، خاوه‌ن كه‌سایه‌تێكی به‌هێزبو، هه‌روه‌ها هاوار و سه‌رزه‌نشتی یاریزانه‌كانی هاوڕێی ده‌كرد، كاتێك یارییان باش نه‌ركردبوایه‌، زۆرجاران لێیده‌دان، هه‌روه‌ها كاتێك ویلیام یاری هه‌بوایه‌، دو خوێندكاری زانكۆیان بۆ ده‌هێنا له‌لای راست وچه‌پی ستونی گۆڵه‌كه‌ ده‌وه‌ستان وتۆپییان بۆده‌هێناوه‌، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی به‌ تیپی به‌رانبه‌ر بڵێن گۆڵ داخراوه‌، بۆیه‌ بۆ (9) یاری له‌سه‌ر یه‌ك گۆڵی ویلیام به‌ پاكی مایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت گۆڵپارێز (پیته‌ر چیك) ئه‌م ژماره‌ی نه‌شكاندوه‌.
 
ویلیام فۆڵك فاتی وه‌ك پیشه‌گه‌ر بۆ یانه‌كانی شیفڵد یۆنایتد و برادفۆر و چڵسی یاریكردوه‌،(299) یاری بۆ یانه‌ی شیفڵد یۆنایتد كردوه‌ له‌ساڵی 1894 تا ساڵی 1905، هه‌روها ساڵی 1905 تا ساڵی 1907بۆ یانه‌ی چڵسی (34) یاریكردوه‌، له‌ساڵی 1907 تا ساڵی 1908 بۆ یانه‌ی برادفۆردستی (22) یاریكردوه‌، ویلیام له‌رێكه‌وتی 1-5-1916 به‌نه‌خۆشی له‌ ته‌مه‌نی (42) كۆچی دوایی كرد.

نیشانەکردن

#جیهان