خەندان سپۆرت-
بۆ مانگی دووەم لەسەر یەک، یانەی چێڵسی پێشەنگی یانەکانی ئینگلتەرا، خەڵاتی باشترینەکانی مانگی پرێمەر لیگی کۆنترۆڵ کرد.
چێڵسی لە مانگی نۆڤەمبەردا سێ یاریی ئەنجامداو لە هەر سێ یارییەکەشدا بەرامبەر 'ئیڤەرتۆن و میدلزبۆرۆ و تۆتنهام' سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمەش بەس بوو بۆ ئەوەی ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەریان وەکو باشترین ڕاهێنەری مانگ دیاری بکرێت.
هاوکات دیێگۆ کۆستای هێرشبەریان کە لە یارییەکانی مانگی ڕابردوودا ئاستێکی نایابی پێشکەش کرد و پێشەنگی تیپەکەی کرد بۆ سەرکەوتنەکان و تیایدا دوو گۆڵی کردوو دوو ئاسیستیشی هەبوو، بەباشترین یاریزان هەڵبژێردراوە.
پێدرۆی ئیسپانیش بێبەش نەبوو لە خەڵاتەکانی ئەو مانگەو گۆڵەکەی بەرامبەر تۆتنهام بە جوانترین گۆڵی ئەو مانگە دیاریکرا.
ئەمەش مانگی دووەمە لەسەر یەک چێڵسی سەرجەم خەڵاتەکان دەباتەوەو لە مانگی ئۆکتۆبەردا کۆنتی بە باشترین راهێنەرو ئیدین هازارد بە باشترین یاریزان دیاریکران.
