هالاند گرێبەستێكی سەرنجڕاکێشی یانەیەكی گەورە ڕەتدەکاتەوە

02:51 - 07/04/2022

14366جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیسپانی ئاشکرایکردوە کە هێرشبەری نەرویجی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری بوروسیا دۆرتمۆند، پێشنیارێکی سەرنجڕاكێشی مانچستەر سیتی ڕەتکردەوە بۆ ئەوەی بچێتە یانەكە لە مێركاتۆی هاویندا.

بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی ئاس، هالاند پێشنیارێکی مانچستەر سیتی ڕەتکردۆتەوە کە موچەی ساڵانەی 28 ملیۆن یۆرۆیە.

"سیتی کارێکی گەورەی کردوە بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ هالاند، بەڵام لە ئێستادا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەو دو لایەنەدا نییە و هالاندیش هەمیشە ئەولەویەتی داوە بۆ یاریکردن لە ئیسپانیا و چاوەڕێی ئۆفەر لە ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنەوە دەکات".

دوای ئەوەی یانە ئینگلیزییەكە هاوینی ڕابردو نەیتوانی هاری کەین لەتۆتنهامەوە بگوازێتەوە، هەوڵەكانی بۆ گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە نەرویجیە دەستپێكردوە.

وابڕیارە هالاند بڕیاری کۆتایی خۆی پێش کۆتایی مانگی نیسان بدات و دڵنیایە لە هاویندا تیمی ئێستای كە یانەی بۆروسیا دۆرتمۆندە بەجێدەهێلێت.

ڕیال مەدرید لەم چەند هەفتەیەی دواییدا بۆ سەرسامکردنی هێرشبەرە گەنجەکە فشارێکی زۆری هەیە و بەرشەلۆنەش چەندین دانیشتنی دانوستانی کردوە بۆ ڕازیکردنی بەپرۆژەی سەرنج ڕاکێشی خۆیان لەژێر سایەی چاڤی هێرناندێزدا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە كە مانچستەر سیتی لە پێشبڕکێکە دەرنەچوە و دەیەوێت هالاند ڕازی بکات بۆ ئەوەی بچێتە پریمەرلیگ.