ڕانگنیک: باشترین ڤێرژنی پۆگبا دەبینین

04:05 - 19/01/2022

3406جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

ڕاهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد ڕالف ڕانگنیک پێی وایە هەوادارانی شەیتانە سورەکان باشترین ڤێرژنی ئەستێرەی فەرەنسی پۆل پۆگبا دەبینین، چونکە ئەو یاریزانە دەیەوێت بەباشی خۆی نمایش بکات بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەو یانانەی کە هەوڵی گواستنەوەی دەدەن.

پۆگبا ئەم هەفتەیە گەڕایەوە بۆ مەشقی مانچستەر یونایتد بۆ یەکەم جار لەو کاتەوەی لە مانگی تشرینی دوەمی ڕابردوەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا توشی پێکان بوە و هەمو دانوستانەکانی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ڕاگرتوە بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتو ئۆڵد ترافۆرد بە خۆڕایی جێبهێڵێت.

ڕانگنیک لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی زە سەن وتی: "پۆگبا دەیەوێت هەوادارانی مانچستەریۆنایتد و بەڕێوەبەرانی یانەكەی و جیهان بە ئاستی بەرزی خۆی ئاشنا بكات، چونكە ئەو یاریزانە چێژ لەوە دەبینێت، تەنانەت ئەگەر تەنیا بۆ وەرگرتنی گرێبەستێکی نوێ بێت لە شوێنێکی دیكەوە، ئەو كارە دەكات".

ئەو راهێنەرە ئەوەشی وت: "من گرنگی بە نزیکبونەوەی گرێبەستی یاریزانێک نادەم، بەڵام گرنگی دەدەم کە چەند یاریزان دەیەوێت بەشداری گروپەکە بکات و ئەگەر ئەو ئارەزوەی هەبێت، بۆچی بەشداری ناکات لە یارییەکاندا، دوای ئەوەی دو مانگ و نیو بەهۆی پێكانەوە دوركەوتەوە، ئەو دەیەوێت بگەڕێتەوە و تواناکانی خۆی نیشان بدات".

ڕانگنیك وتیشی: "کاتێک یاریزانێک شارەزایی هەبێت کە مامەڵە لەگەڵ پێگەی خۆی بکات و توانای خۆی نیشان بدات، ئەوا بەشداری پێ دەکەم لە یاریەکاندا تەنانەت ئەگەر گرێبەستەکەی لە هاویندا كۆتایش بێت".