ئەو پێنج ژمارە پێوانەییەی مێسی ناتوانێت بیانشكێنێت

04:30 - 10/01/2022

10053جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی لە ئێستادا یەکێکە لە ئەفسانەکانی تۆپی پێ و زۆرێک لە ژمارە پێوانەیییەکانی ئەفسانە ئەستێرەکانی پێشوتری شکاندوەو زۆر ژمارەی پێوانەییشی بەناوی خۆیەوە تۆمارکردوە.

ئەوەی جێگەی ئاستەم و لەمپەرە لەبەردەم مێسی-دا پێنج ژمارەی پێوانەیی هەیە کە  مێسی ئاستەمە بتوانێت بیانکات بەناوی خۆیەوە، كە بەشێك لەو ئامارانەی بەهۆی رۆیشتنی لە بەرشەلۆنە لەدەستداوە.

پێنج ژمارە ئاستەمەکەی بەردەم مێسی:

یەكەم.. جامی جیهانی خوار تەمەن 20 ساڵان
مێسی ناتوانێت ببێتە یەکێک لەو یاریزانانەی زۆرترین گۆڵ لە مۆندیالی خوار تەمەن 20 ساڵاندا بۆ هەڵبژاردەی ئەرژەنتین تۆماربکات و خافیێر ساڤیۆلای هاونیشتمانی پێشەنگی گرتوەو 11 گۆڵی تۆمارکردوە.

دوەم.. زۆرترین گۆڵ لە جامی شای ئیسپانیا
مێسی بەهۆی جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە ئەستەمە بتوانێت زۆرترین گۆڵ لە یەک وەرزدا لە جامی شای ئیسپانیا تۆماربکات و لە وەرزی 2010-2011 زۆرترین گۆڵی هەیە کە 7 گۆڵە، بەڵام جۆسێپ سامیێتەر لە وەرزی 1927-1928، 21 گۆڵی لە جامی شای ئیسپانیادا بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆمارکردوە.

سێیەم.. منداڵترین یاریزانی وڵاتەکەی بێت و گۆڵی تۆمارکردبێت
مێسی نەیتوانی ببێتە منداڵترین یاریزان کە گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی ئەرژەنتین تۆمارکردبێت، یەکەم گۆڵی بۆ تیمی یەکەمی وڵاتەکەی لە مۆندیالی ساڵی 2006دا بوە بەرانبەر هەڵبژاردەی سڕبیا مۆنتینگرۆی ئەوکات، بەڵام ئەو ژمارە پێوانەییە بەناوی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی پێشوی ئەرژەنتینییەکانەوەیە کە لە تەمەنی 18 ساڵ و حەوت مانگی چوار رۆژیداو لە ساڵی 1979 یەکەم گۆڵی بەرانبەر هەڵبژاردەی سکۆتلەندا تۆماردەکات.

چوارەم.. خێراترین هاتریک لە مێژوی یانەی بەرشلۆنەدا
ئەو ژمارە پێوانەییەش بەناوی پیدرۆ رۆدریگێزی ئیسپانیەوەیە کە لە وەرزی 2013-2014 خێراترین هاتریک بۆ یانەی بەرشەلۆنە بەرانبەر یانەی خیتافی لە 9 خولەکدا سێ گۆڵ تۆماردەکات، بەڵام مێسی تائێستا نەیتوانیوە ئەو ژمارەیەی پیدرۆ بشكێنێت و لەگەڵ ئەوەش یانەكەی جێهێشتوە كە هەلی شكاندنی ئەو ژمارەیەی پێنادات.

پێنجەم.. گۆڵکاری پاڵەوانێتی ئۆڵۆمپیادی هاوینە
لیۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشداری ئۆڵۆمپیادی پەکینی ساڵی 2008ی کرد و تەنیا دو گۆڵ تۆماردەکات، بەڵام نەیتوانی ببێتە گۆڵكاری مێژویی ئەو پاڵەوانێتییە بۆ وڵاتەکەی و چەند یاریزانێکی ئەرژەنتین لە پێش ئەوەوە زۆرترین گۆڵیان بۆ تانگۆ تۆمارکردوە، (دۆمینیگۆ تاراسکۆنی 9 گۆڵ 1928)، (هێرنان کریسپۆ شەش گۆڵ 1996)، (کارلۆس تیڤێز 8 گۆڵ 2004).