مێسی: بەرانبەر بەرازیل ڕیتمی یاریكردنمان لەدەست دا

03:27 - 17/11/2021

9096جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی کاپتن تانگۆ لە نوێترین لێدوانیدا وتی ڕوبەڕوبونەوەی بەرازیل لە یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیال كارێكی زەحمەت و قورسە.

لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتنەكانی مۆندیاڵ هەردو هەڵبژاردەی بەرازیل و ئەرژەنتین بەرەبەیانی ئەمرۆ روبەروی یەكتربونەوەو یارییەكەشیان بە بێ گۆڵ كۆتایی هات.

بەهۆی ئەم ئەنجامەشەوە هەڵبژاردەی تانگۆ بە ڕابەرایەتی مێسی سەركەوتنی بۆ یارییەكانی مۆندیالی 2022ی قەتەر مسۆگەر كرد.

دوای یارییەكە مێسی لە وتەکانیدا کە ڕۆژنامەی مۆندۆ دیبۆریتڤۆی ئیسپانی بڵاویكردوەتەوە  وتی: "من باشم، بە ئامادەباشییەکی زۆرەوە یارییەکەم دەست پێکرد، تەنیا ئەوە نەبێت كە ڕیتمی یارییەمان لە دەست-دا كە ماوەیەكە لەسەری بەردەوامین".

ئەو یاریزانە وتیشی: "ئەو یارییەی ئەمڕۆ زۆر گرنگ بو، ئەگەرنا من یاریم نەدەکرد، ماوەیەکی زۆرە یاریم نەکردوە و ئەوەش ئاسان نییە بۆ من". 

مێسی وتیشی: "هەر لەسەرەتاوە بڕوامان بەوە هەبو کە دەتوانین سەرکەوتن بەدەست بهێنین، هەوڵماندا کۆنتڕۆڵی یارییەكە بکەین، بەڵام هەندێك كات ریتمی یارییەكەمان لە دەست دەچو، گرنگ ئەوەیە کە کارێکی باش بکەین، ئێمە شكستمان نەهێناو بەردەوام گەشە دەکەین".