خەندان سپۆرت
سەرۆکی پێشوی کرواتیا کۆلیندا گرابار کیتارۆڤیچ زۆر بە پەرۆشەوە خۆشحاڵی خۆی نیشان دەدات بۆ گەیشتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەكەی بە مۆندیالی 2022ی قەتەرو شانازی بە یاریزانەكانەوە دەكات.
سەرۆکی پێشوی کرواتیا وێنەی خۆی لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی وڵاتەکەی گەیشتە مۆندیالی قەتەرو نوسیویەتی: "با بڕۆین بۆ قەتەر سوپاس بۆ بەڕێزان".
گرابار کیتارۆڤیچ بە هاندانی بەردەوام لە تیپی تۆپی پێ و دیمەنی پەرۆشی و پشتیوانی بۆ یاریزانەکان لە ماوەی مۆندیالی 2018ی ڕوسیادا ناسراو بو، کاتێک تیمەکە گەیشتە یاریی کۆتایی بەرانبەر فەرەنسا یاریی كردو یاریەیكەشی بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ پێ دۆڕاند.
کرواتیا لە یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی مۆندیالی 2022ی قەتەردا لە دواین یاریی بە ئەنجامی 1-0 لە هەڵبژاردەی ڕوسیای بردەوەو ڕاستەوخۆ سەركەوتنی بۆ پاڵەوانێتیەكە مسۆگەر كرد.
کرواتیا بە كۆكردنەوەی 23 خاڵ کۆتایی بە یارییەكانی پاڵاوتن هێناو بە جیاوازی تەنیا خاڵێك لەگەڵ ڕوسیا گەیشتنی بە مۆندیال مسۆگەركرد، روسیاش بۆ پاشكۆی پاڵاوتنەكان سەركەوت كە بڕیارە ڕۆژی 29ی تشرینی دوەم تیروپشك بۆ 12 هەڵبژاردە ئەنجام بدرێت و بەسەر سێ كۆمەڵەدا دابەش بكرێن كە تەنیا یەكەمی گروپەكان دەگەنە مۆندیال.