بەهۆکارێکی سەیر.. حکومەتی ئەرژەنتین موڵک و ماڵەکەی مارادۆنا دەفرۆشن

02:51 - 04/11/2021

12751جار خوێندراوەتەوە

خەندان سپۆرت

 

دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا، ئەفسانەکەی تۆپی پێی ئەرژەنتین و یەکێک لە ناودارترین یاریزانەکانی تۆپی پێ لە جیهاندا، بەشێک لە موڵک و ماڵ و کەلوپەلە بەنرخەکانی لەلایەن حکومەتی وڵاتەکەیەوە بۆ فرۆشتن دەخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە.

ئەستێرە سەرکێشەکەی ئەرژەنتین بەرلەمردنی ڕوبەڕوی پێدانی هەمو ئەو قەرزانە بوەوە کە لەسەر شانی کەڵەکە ببون، بەڵام ئامادە نەبوە هیچ یەكێک لەو قەرازانە بداتەوە، هەربۆیە لەئێستادا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بڕیاریانداوە بەشێک لەو کەلوپەلە بەنرخانەی بفرۆشن و قەرزەکانی بۆ بدەنەوە.

وا بڕیارە 19ی ئەم مانگە دادگای ئەرژەنتینی بەسەرپەرشتی لیژنەیەک کە لە دادوەرێک و دو پارێزەر پێکدێت، بەشێک لەو موڵک و ماڵەی مارادۆنا بفرۆشن کە دیارییان کردوە.

بەئاگاداری و ئامادەبونی میراتگرەکەی مارادۆنا، دو ئۆتۆمبێلی جۆری بی ئێم دەبلیو، خانویەک، نامەیەکی فیدڵ کاسترۆ بۆ ئەفسانە ئەرژەنتینییەکە و چەندین درێسی بەنرخی ئەو یاریزانانەی پێشکەشی مارادۆنایان کردوە، دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە بۆ فرۆشتن.

لەسەر جامی پێشەوەی بی ئێم دەبلیوەکان ئیمزایەکی مارادۆنا هەیە و بەو هۆیەوە نرخێکی خەیاڵی لەسەر داندراوە کە دەگاتە 165 هەزار دۆلاری ئەمریکی، خانوەکە دیاریی دایک و باوکیەتی و لە بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرژەنتینە و کۆمپانیایەکی گەورەی خانوبەرە ئەرکی فرۆشتنەکەی لە ئەستۆ گرتوە.

هاوکات نامەیەکیش لەنێو بەنرخەکاندا هەیە کە فیدڵ کاسترۆی ڕێبەری پێشوی کوبا لە خۆشویستنی بۆ مارادۆنا، بۆی ناردوە، جگەلەوە چەندین دیاری دیکە هەیە کە لەکاتی مردنیدا هەوادرانی لەسەر تەرمەکەی دایان ناوە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردو هەوادرانی ئەو ئەفسانە گەورەیەی ئەرژەنتین یادی 61 ساڵەی تەمەنیان بۆ کردەوە و خەمبارییان بۆ مردنە لەناکاوەکەی دەربڕی.

فرۆشتنی کەلوپەلەکانی مارادۆنا لە زیادکردنێکی ئاشکرا دەبێت لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە، بەهەماهەنگی لەگەڵ میراتگرەکەی و بەئامادەبون و ئاگاداری دادوەرێک بەناوی لۆسیانا تیدیسیکۆ و دوان لە پارێزەرەکانی.

ئەوەی مایەی سەرنج و وەک هۆکارێکی سەیر تەماشاکراوە، سەرجەم ئەو پارانەی لە پای ئەو فرۆشتنەدا دەستدەکەون، بۆ پێدان و پاکتاوکردنی قەرزە کەڵەکەبوەکانی ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێیە و هیچ یەکێک لەو پارانە نادرێت بە میراتگرەکانی دیگۆ.

ئەوکاتەی مارادۆنا دوچاری ئالودەبون بە مادەی هۆشبەر دەبێت، بۆ تێپەڕبون و وەرگرتنی چارەسەر و ڕزگاربون لەو خوە کوشندەیە، ڕودەکاتە کوبا و ماوەی دو ساڵ لەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە و لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتدا دەخرێتە ژێر چارەسەرەوە، بەهۆی نزیکی هاوڕێیەتی نێوان دیگۆ و کاسترۆ، ئەو ڕێبەرەی کوبییەکان نامایەکی پڕ لە خۆشەویستی و سەرسام بون بۆ ئەو ئەستێرەیەی تۆپی پێی تانگۆ دەنێرێت، جگەلەوە لە چەندین بۆنەدا مارادۆنا ستایشی شۆڕشی کوبای کردوە و سەرسامی خۆی بە چێ گی ڤارا و کاسترۆ دەربڕیوە.

لە 25ی ئۆکتۆبەری 2020 مارادۆنا لە تەمەنی 60 ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە ماڵەکەی خۆیدا مرد، ڕۆژی شەممەی ڕابردو لە زێدی خۆی لە شاری ڕۆزاریۆ هەوادارنی کۆبونەوە و یادی 61 ساڵەی تەمەنیان بۆ کردەوە.

دیگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا یەکێکە لە ئەفسانە گەورەکانی مێژوی تۆپی پێی جیهان، لە ساڵی 1986 سەرکردایەتی هەڵبژاردەی سەماکارانی تانگۆ دەکات و نازناوی جامی جیهانی مەکسیک بەدەستدەهێنێت.

لە مۆندیالی 1990 جارێکی دیکە شەرەفی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لەئەستۆدەگرێتەوە و تاکو دوا وێستگەی یاریی کۆتایی هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ، بەو هۆیەوە ئەرجەنتینییەکان دەکاتە یەکێک لە دو جەمسەرەکەی یاریی کۆتایی، بەڵام چانس یاوەری دیگۆ و هاوڕێکانی نابێت و بەرانبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوچاری شکست دەبن.

لەدوای ئەو نازناوە گەورانە، کوڕە ئاڵتونییەکەی تانگۆ دەبێتە خۆشەویستی هەمو ئەرجەنتینیەکان بەتایبەتی و زۆرێک لە هەوادرانی تۆپی پێ لە جیهاندا بە گشتی، هەربۆیە لەدوای مردنی، جیهانی وەرزش و تۆپی پێ پرسەیان ڕاگەیاند و بۆ مارادۆنا خەمبار بون.

 

نیشانەکردن

#مارادۆنا #ئەرژەنتین